هێزەکانی سەر بە تورکیا پارە لە کوردەکانی عەفرین دەسێنن
  2019-08-19       790       
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ''هێزەکانی  فیرقەی ئەلحەمزەی سەر بە تورکیا لە عەفرین ڕێگەیه‌کی نوێیان داناوە بۆ پارەسەندن لە هاوڵاتییانی کوردی ناوچەکە''.

ئاوێنه‌: ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپـۆرتێکیدا دەڵێت ''ئەندامانی ئەو هێزە لە ناوچەی باسووتە و بورج عەبدالۆ و عێندارەی عەفرین بە ناوی جەژنانەوە پارەیان لە خەڵکی سەندووە و هەر خێزانێک باخی هەبێت و بەروبوومەکەی کۆکردبێتەوە 5 هەزار لیرەی سوریـیان لێسەندون''.

دەشڵێت ''ئەم پـێشێلکاریـیانە بەردەوام بەرامبەر ئەو هاوڵاتیـیە کوردانە دەکرێن کە ڕاگواستنیان ڕەتکردووەتەوە''.

ڕوانگەکە پاشان ئاماژە بۆ گروپی سوڵتان مورادی سەر بە تورکیا دەکات کە دەستیان گرتووە بەسەر گوندی کۆبلاکی سەر بە شارۆچکەی شەران و بڕی 200 دۆلاری ئەمەریکایی لەو خێزانانە دەسێنن کە کرێچین. دەڵێت ''ئەگەر بێت و ئامادە نەبن ئەو بڕە پارەیە بدەن ئەوا هەڕەشەی دەرکردن و دەستگیرکردنیان لێدەکەن''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×