ئێران لەناو سنوری ئاوی عێراق دەستبەسەر پاپۆڕێكی بازرگانیدا دەگرێت
  2024-01-09       337       


ئێران لە ناو سنوورە ئاوییەكانی عێراقدا دەستی بەسەر پاپۆڕێكی بازرگانی تەنزانیدا گرت و دوای داگرتنی ئاڵای تەنزانیاش ئاڵای ئێرانیان لە سەر پاپۆڕەكە بەرزكردۆتەوە.

ئاوێنه‌: بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا عەرەبیەكان بڵاویكردوەتەوە، هێزە دەریاییەكانی ئێران بە پێنج بەلەمی جەنگی، لەكاتی داخڵبونی پاپۆڕە بازرگانییەكە بۆ ناو سنورە ئاوییەكانی عیراق چواردەوریان گرتوەو دوای داگرتنی ئاڵای تەنزانیا، ئاڵای ئێرانیان لە سەر پاپۆڕەكە بەرزكردۆتەوە.

ئەم رووداوەش لە كاتێكدایە كە كێشەو ململانێكانی ئێران لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان گەیشتۆتە لوتكەو گروپی حوسییەكانی نزیك لە ئێرانیش لە ماوەی پێشوودا كێشەو تەگەرەیان بۆ ئەو پاپۆڕانە دروستكردبوو كە بەدەریای سووردا تێدەپەڕین كە ڕێڕەوێكی گرنگی بازرگانی جیهانییە، وڵاتانی جیهانیش ئێرانیان بەهاندانی حوسییەكان تۆمەتبار كردبوو، بەڵام ئێران هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوەو بێئاگایی خۆی لەو جۆرە كارانە راگەیاند كە لە لایەن حوسییەكانەوە بەرامبەر پاپۆڕەكان دەكران.

ئێران ئەوەشیان راگەیاندبوو ئەو گروپە چەكدارانە خۆیان بڕیار لەسەر چۆنییەتی بەرنامەو كارەكانیان دەدەن، كە ئەمەش وەك ئاماژەیەكە بۆ كارو چالاكییەكانی گروپە چەكدارەكانی ناو عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنانی نزیك لە ئێران و سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەوە .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×