هەر گەشتیارێكی عێراقی سێ هەزار دۆلاری كاشى پێدەدەرێت
  2024-01-10       529       

بانكی ڕەشید بڵاوی كردەوە، ئێستا هەر گەشتیارێكی عێراق بەپێی ئەو مەرجانەی دیاری كراوە، دەتوانێت بڕی سێ هەزار دۆلاری كاش وەربگرێت، ئەو بڕە پارەیە بۆ ماوەی یەك مانگە، دوای مانگەكە گەشتیار دەتوانێت داوای دۆلاری كاشی دیكە بكاتەوە.

ئاوێنە: بانكی ڕەشید لەبارەی بڕی پێدانی دۆلاری كاش بە هاوڵاتییانی عێراق و مەرجەكانی وەرگرتی ئەو بڕە دۆلارە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

 لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، هەر گەشتیارێكی عێراق دەتوانێت بەپێی چەند مەرجێك، بڕی سێ هەزار دۆلاری كاش وەربگرێت، مەرجەكانیش بریتییە لەوەی دەبێت، گەشتیار ڕەگەزنامەی عێراقی هەبێت و تەمەنی ١٨ ساڵ و سەرووتر بێت، هەروەها پاسپۆرتی كارا بێت و بلیتى گەشتكردنی هەبێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، گەشتیار پێویستە مانگی جارێك داوای ئەو بڕە دۆلارە بكات بۆ مەبەستی گەشتكردن، بە لەبەرچاوگرتنی وڵاتانی قەدەغەكراو، زیاتر لە جارێكیش ناتوانێت لە مانگێكدا داوای ئەو بڕە دۆلارە بكات، چونكە داواكە ڕەت دەكرێتەوە، پێویستە داوای وەرگرتنی دۆلارەكە ٧٢ كاتژمێر بەر لە گەشتەكە پێشكەش بكرێت.

جێگەی ئاماژەیە، عێراق چەند ڕێوشوێنیكی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە بە قاچاغبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، یەكێك لەو ڕێكارانە، هەركەسێك بیەوێت گەشت بكات، دەتوانێت تەنها بڕێك دۆلاری كاش لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، ئەویش لە ڕێگەی بانكەكانی عێراقەوە دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×