ئەمریكا هەزار و ٥٠٠ سەرباز دەنێرێتە عێراق و سووریا
  2024-01-15       532       

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، واشنتۆن خۆی ئامادە دەكات بۆ ناردنی هێزێكی سەربازیی گەورە بۆ عێراق و سووریا، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەركەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەتەكانی داعش، ژمارەشیان هەزار و ٥٠٠ سەربازە.

ئاوێنە: ئاژانسی سی بی سی نیوزی ئەمریكی لە بارەی ناردنی هێزی ئەمریكا بۆ عێراق و سووریا ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.

ئاژانسەكە بڵاوی كردوەتەوە، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی چەتەكانی داعش لە عێراق و سووریا، واشنتۆن هەزار و ٥٠٠ سەربازی پاسەوانی نیشتمانی لە ویلایەتی نیوجرسییەوە دەنێرێتە ئەو دوو وڵاتە.

عومەر مینۆت، كە یەكێكە لەو هێزە سەربازییەی بەرەو عێراق و سووریا دەڕوات، دەڵێت، ئەم ئەركە پێنجەمین ئەركیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموو كەلوپەلێك و ئامێرێكی پێویستمان لەبەردەستە، هەموو سەربازەكانیش مەشق پێكراون.

ئاژانسەكە لە زاری فیل مێرفی، حاكمی نیوجرسی بڵاوی كردوەتەوە، ئەو سەربازانە ئارامی و خۆشگوزەرانیی نەك تەنها وڵاتەكەمان، بەڵكو بۆ هەموو جیهان بەدەستدەهێنن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ئەو سەربازانەی ڕەوانەی عێراق و سورویا دەكرێن، سەرەتا دەچنە شاری فۆرت بلیس لە ویلایەتی تەكساس بۆ ئەوەی مەشق و ڕاهێنانێكی چەند ڕۆژی ئەنجام بدەن، پێش ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕۆن.

ناردنی ئەم هێزانەی ئەمریكا بۆ  ناوچەكە لەكاتێكدایە، گرووپە چەكدارەكانی عێراق بەردەوام لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەكەوە هێرش دەكەنە سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم و سووریا، لە لایەكی دیكەوە، حووسییەكانی یەمەن هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور و كێشە بۆ كەشتیوانان درووست دەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×