ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارێزبەندی لەسەر ئەندامێکی هەڵگرت
  2019-08-20       1005       
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند پارێزبەنی لەسەر تەڵاڵ زوبەعی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنران هەڵگیرا بە هۆی تۆماركردنی چەندین سكاڵا لەسەری و بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، لەسەر داوایەكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كە پێشتر ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردبوو. 

ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئاماژە بەوە دراوە کە بە هۆی تۆماركردنی چەندین سكاڵا لەسەری و بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، لەسەر داوایەكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی كە پێشتر ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردبوو، پارێزبەندی لەسەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، تەلاڵ زۆبەعی هەڵگرتووە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، ''پشتبەستن بەو دەسەڵاتەی كە لە چوارچێوەی دەستووردا پێماندراوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی بڕیاریدا بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، تەلاڵ زۆبەعی ئەویش بە هۆی چەندین سكاڵا و تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی كە لەسەر ناوبراو تۆماركراوە''.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی تەلاڵ زۆبەعی كراون بۆ ئەو ماوەیە دەگەڕێتەوە كە لە خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە ٢٠١٤ ـ ٢٠١٨ سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی بوو.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی كراوە رێكاری پێویست بەرامبەر بە تەلاڵ زۆبەعی بگرێتەبەر، هەروەها داواش لەو كەسانە کراوە كە سكاڵایان لەسەر تەلاڵ زۆبەعی   تۆماركردوە،  لەوەی سەردانی دادگاكان بكەن.

ماوەیەك لەمەوەبەر ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دوو داوای ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران كردبوو تیادا داوای كردبوو پارێزبەندی لەسەر ٢١ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبگیرێت كە تۆمەتبارن بەتێوەگلان لە گەندەڵی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×