هادی عامری: حكومه‌ت پەلە بکات لەدەرکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی له‌عێراق
  2024-02-03       410       


هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی نەبنی‌و سه‌ركرده‌ی‌ دیاری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی داوا لەحکومەتی‌ عێراق ده‌كات پەلە بکات لەدەرکردنی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، به‌وته‌ی‌ ئه‌و، چونكە "جگە لەخراپە هیچی تریان بۆ عێراق پێنەبووە."

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممە، لەوتارێكدا لەمیانی ڤێستیڤاڵی دامەزراندنی سەنتەری (ثبات) هادی عامری ئاماژەی بەوەكرد كە “دەستدرێژی بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی" لەڕۆژئاوای عێراق بەشێكە لەو تاوانانەی ئەمەریكا ڕۆژانە ئەنجامی دەدات.

وتیشی، “ئەمەریكا  کە خەریكی کوشتنی منداڵان و ژنان و بەساڵاچووانی غەززەیە هەر چاوەڕوانی ئەم کردەوە تیرۆریستییانەی لێی دەکەین”.

عامری داواشی لەحکومەت و سەرۆکی حکومەت كرد پەلە بکەن لەدەرکردنی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی "جگە لە خراپەو کوشتن و لەناوبردن هیچی ترمان لێنەبینیون."

شەوی رابردو سوپای ئەمه‌ریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەندین ناوچەی عێراق‌و سوریا ئەنجامدا کە بەوتەی خۆیان، بنکەو بارەگای هێزە چەکدارەکانی نزیک لەئێرانیان کردووەتە ئامانج.

هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به‌فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نبار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌ی كوژراوانی هێزه‌كانیان له‌ئه‌نجامی بۆردومانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ئه‌نبار بۆ 36 كه‌س به‌رزبوه‌ته‌وه‌، تیمه‌كانیشان به‌رده‌وامن له‌گه‌ڕان به‌دوای ژماره‌یه‌ك كه‌سی بێسه‌روشوێندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×