پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران
  2024-02-05       498       

ئەمڕۆ دوشەممە، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای نەینەوادا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.

 ئاوێنە: هەر لە دانیشتنەكەدا ئەحمەد حاسود بە سەرۆکی ئەنجومەن و محەمەد جبوری بە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.

پارێزگاری نەینەوا لەدوای هەڵبژادنی رایگەیاند، "چەندین پڕۆژەی گرنگمان بۆ نەینەوا پێیە و لە ماوەیەکی نزیکدا گۆڕانکاریی گەورە دەبینن. دەمانەوێت لەگەڵ هەموان کاربکەن بۆ ئەوەی نەینەوا بگەڕێتەوە دۆخی جارانی."

 عەبدولقادر دەخیل وتیشی، ئەمڕۆ هەردوو جێگری پارێزگار هەڵدەبژێردرێن، چ بە نهێنی بێت یان بە ئاشکرا بێت.

بەپێی ئەو رێككەوتنەی هەیە بڕیارە پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ پارتی بێت و جێگری دوەمی پارێزگار بۆ سوننە بێت.

بەپێی پێگەی كەركوك ناو، "كۆبونەوەكە ئاسایی بەڕێوەدەچو، تا ئەوكاتەی هاتە سەر یەكلاییكردنەوەی پشكی پارتی لە پۆستە باڵاكاندا، بەڵام ئەندامانی ئەنجومەن داوایانكرد پرۆسەكە بە نهێنی بێت و راگەیاندنەكان كرانە دەرەوە".

ئەوەش خراوەتەڕو، لەسەر ئەوە بوە مشتومڕ و كۆبونەوە دواخرا، دواتر جارێكی تر ئەندامانی ئەنجومەن چونەوە بۆ كۆبونەوەكە، بەڵام هەر رێكنەكەوتن و دانیشتنەكە هەڵگیرا.

هێما بۆ ئەوەش كراوە، "پارتی دەیویست پۆستەكەی ئەویش وەكو پۆستەكانی تر بە ئاشكرا دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام هەندێك لایەن دژی بون".

عەبدولقادر دەخیل كاندیدی تەواوی لیستەكانی نێو كوتلەی نەینەوا موەحەدە بو كە بە پارێزگار هەڵبژێردراو ئەحمەد حاسود لە كوتلەی عەقدی وەتەنییە، كە فالح فەیاز، سەرۆكایەتی دەكات و بوە سەرۆكی ئەنجومەن و محەمەد جبوری لە لیستی نەینەوا لیئەهلیهایە كە بوە جێگری سەرۆكی ئەنجومەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×