زانیاری‌ نوێ له‌باره‌ی‌ كوشتنی‌ سەرۆکی عەشیرەتێکی تورکمانیی له‌كفری‌
  2024-03-31       1356       
حسێن عەلوش بەیاتی، سەرۆکی عەشیرەتی بەیات كه‌ ئه‌مڕۆ له‌كفری‌ كوژرا

سه‌ر له‌ئێواره‌ی‌ ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، تەقینەوەیەک لەقەزای کفری رویدا کە بەهۆیەوە حسێن عەلوش بەیاتی، سەرۆکی عەشیرەتی بەیات لەنەتەوەی تورکمان كوژرا. بەرەی تورکمانی عێراقی ڕوداوه‌كه‌ به‌ "تیرۆریستی‌" وه‌سفده‌كات‌و داوا له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم ده‌كات "ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ سەپاندنی ئاسایش لەقەزای کفری‌و نەهێشتنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان‌و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی‌".

ئاوێنه‌: ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری ڕایگه‌یاند، "تەقینەوەکە لەنێو بازاڕدا بووەو کوژراوەکە ناوی حسێن عەلوشەو سەرۆکی عەشیرەتی بەیاتە لەنەتەوەی تورکمان، له‌هه‌مانكاتدا مامی بەرپرسی بەرەی تورکمانییە لەقەزاکە." 
 
دەنگۆی ئەوە هەیە تەقینەوەکە لەرێگەی درۆنەوە بوبێت، بەڵام قایمقامی کفری ده‌ڵێت، "نازانین تەقینەوەکە لەرێگەی چییەوە بووەو چۆن بووە. سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین." 

دوای‌ ڕوداوه‌كه‌ بەرەی تورکمانی عێراقی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌و وێڕای‌ ئیدانه‌كردنی‌ هێرشه‌كه‌، له‌به‌شێكیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "ئەو هێرشه‌ تیرۆریستییە ترسنۆکانەیه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین کە لەڕێگەی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە میوانخانه‌ی‌ خێڵی بەیات لەقەزای کفری کرایە ئامانج، لەئەنجامدا سەرۆکی خێڵی بەیات، شێخ حسێن عەلوش کە یەکێکه‌ لەکەسایەتییە دیارەکانی‌ شاری کفریی، شەهید بو."

ده‌شڵێت، "ئەم ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییە ئاماژەیە بۆ بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆی پێکهاتەی تورکمانی‌و پێشهاتێكی‌ مەترسیدارە کە مەبەست لێی تێکدانی دۆخی ئەمنی‌و سەقامگیرو پێکەوەژیانی برایانەیه‌ لەنێوان پێکهاتەکانی کفری بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی هەرێم."

بەرەی تورکمانی عێراقی داوا لەسه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات، "ڕێوشوێنی خێراو بەپەلە بگرنەبەر بۆ سەپاندنی ئاسایش لەقەزای کفری، نەهێشتنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی‌‌و، لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکەن بۆ ئاشکراکردنی ئه‌نجامده‌رانی‌ ڕوداوە تیرۆریستییەکەو دادگاییکردنی تاوانباران".

قەزای کفری سەر بەئیدارەی گەرمیانە، جگە لەکورد، بەشێکی دانیشتووانی قەزاکە لەنەتەوەی تورکمانن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×