لێبووردنی تایبەت بۆ ژنان و نێوجەوانان دەردەکرێت
  2024-04-09       211       

عێراق لێبووردنی تایبەت بۆ ژنان و نێوجەوانان دەردەکات، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە لیژنەیەکی پێکهێناوە، بە قسەی وتەبێژەکەی بێت لێبووردنەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؛ بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، “دەرکردنی لێبووردنی تایبەت، لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە”.

ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، رایگەیاندوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشنیازی لێبووردنی تایبەتی کردووە و بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بەرزی کردووەتەوە. لێبووردنەکە بۆ ژنان و نێوجەوانانە، تەنیا زیندانیانی عێراق دەگرێتەوە، ئەوانەی بە ساڵێک زیندانی سزادراون، یان ساڵێک زیندانییان ماوە، یاخود کەمتر لە ساڵێک سزاکەیان ماوە.

دەشڵێت، تائێستا سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق بە فەرمی لەبارەی لێبووردنەکە نووسراوی بۆ وەزارەتی داد نەناردووە، بەڵام لای خۆیەوە وەزارەتی داد لیژنەی پێکهێناوە بۆ وردبینی و ئامادەکردنی خشتەی ناوەکان و رێکاری پێویست لەبارەی ئەو زیندانیانەی کە لێبووردنەکە دەیانگرێتەوە. هەرکاتێک کارەکانی لیژنەکە تەواو بوو، بە کۆنووسێک بۆ وەزیری داد بەرزدەکرێتەوە ئەویش بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بەرزی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لێبووردنی تایبەت بۆ ئەوانە دەربکات، کە مەرجەکانیان تێدایە.

لەبارەی وادەی دەرکردنی لێبووردنەکە، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق وتی، تائێستا وادەی دەرکردنی لێبووردنەکە دیاری نەکراوە، چونکە هێشتا لێژنەکەیان کارەکەیان تەواو نەکردووە، وردبینی بۆ سەرووی 3 هەزار زیندانی دەکات، ئەوەش پێویستی بە کاتە. لە زیندانییەکانی وەزارەتی داد زیاتر لە هەزار و 800 زیندانی نێوجەوان و زیاتر لە هەزار و 400 ژن هەن. لەو ژمارەیە نازانن چەند لێبووردنەکە دەیانگرێتەوە، دوای وردبینی و ئامادەکردنی خشتەکان، روون دەبێتەوە.

جەختی لەوەکردەوە، لێبووردنەکە بۆ ئەوانەیە کە تاوانی گەورەیان نەکردووە، وەک تیرۆر، تاوان، بازرگانی مادەی هۆشبەر و ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، شوێنەوار، سپیکردنەوەی پارە، ئەوانەی پێشتر بە لێبووردنی گشتی ئازاد کراون و جارێکی تاوانیان کردووە، لێبووردنەکە نایانگرێتەوە.

بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، لێبووردنەکە هەموو عێراق دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە عێراق بەشی چاکسازیی سەر بە وەزارەتی دادە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتییە، بۆیە نووسراو بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان کراوە.

سەرۆکایەتی کۆمار پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندارکردووە لە وەزارەتی دادی عێراق و وەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش دوای وردبینی، ناوەکان ئامادە دەکەن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بەرزی دەکەنەوە بۆ دەرکردنی بڕیاری لێبووردنی تایبەت.

لەوبارەیەوە ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگەیاندووە، “هیچ نووسراوێکی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراقمان لەبارەی لێبووردنی تایبەت بەدەست نەگەیشتووە”.

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان وتیشی، “هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە، دەرکردنی لێبووردنی تایبەت لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، پێویستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومی هەرێمی بۆ لێبووردنی تایبەت دەربکات”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×