هەڤاڵ ئەبوبەكر: دەخوازم پارتی و یەكێتی پێش هەڵبژاردن بسازێن
  2024-04-09       278       

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا داوا دەكات دو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم پێش هەڵبژاردن بسازێن و رێكبكەون چونكە "ئەزمونی هەمو هەڵبژاردنەکان ئەوەی سەلماندوە کە دەبێت دواتر هەر بسازێن."

ئاوێنە: د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، ئەمشەو سێشەممە، لە پەیامێكدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزان، وتویەتی"جەژن؛ باشترین دەرفەتی بەخۆداچونەوەو قبوڵکردنی یەکترییە، هیچ مەترسییەک لەسەر کورد، بەقەد مەترسیی کورد لەسەر خۆی؛ مەترسیدارو زیانبەخش و وێرانکەر نییە. مەردانە؛ جەژن بکەنە ژوان و سەکۆی بەیەکگەیشتن و لەیەکگەیشتن و تێپەڕاندنی ناکۆکیی و ڕق و کینەو بوغزو غەدر و غوبن و غیرەو غرورو شەڕو نەگبەتیی."

بەبڕوای پارێزگاری سلێمانی"هەڵبژاردن بکرێت، یان نەکرێت، هیچ لاو لیستێک بەتەنیا نیوەی کۆی کورسییەکان؛ ناهێنێت."

وتوشیەتی"ئەگەر لە هەر دۆخ و بەرەو ڕێکەوتنێکیشدا؛ زۆرینەیەک پێکهێنرا، ئەوا بە بێ ڕێکەوتنی ئەو دو لایەنەی کە بە لایەنە دەسەڵاتدارەکان ناسراون و (لە نەبونی یان نەتوانینی یان ڕێلێگرتنی بەدیلی واقعیی و ڕاستەقینەدا)؛ جوگرافیاو ئەمنییەت و زانیاریی و هێز و ئابوریی و دادگاو سنورو حکومڕانیی و حیزبڕانیی و زانکۆو دبلۆماسییەت و پەیوەندییەکان و کایەی گشتیی و کەرتی تایبەت و بازاڕو بانک و دراو بازرگانیی و ... تادییان؛ قۆرخکردوە، ئامانجەکان هەر چۆن بن؛ ئەنجامێک نادەن."

وتوشیەتی"دەخوازم ئەم دو لایەنە ئێستا پێش هەڵبژاردن بسازێن و داکەون و لەسەر بەرژەوەندیی گشتیی نەک وەک ڕێکكەوتنە ستراتیژییەکەیان کە تەنیا بۆ خودی خۆیان بو، ڕێکبکەون، بەڵام ڕێکەوتنێکی نوێ کە هەمو میللەت یەکبخات، نەک پەکبخات. بیر لە مۆدێلێکی نوێی دەوڵەتداریی ڕەوا بکەنەوە، بۆ هەمو کورد، نەک تەنیا بۆ ماڵباتی خۆیان."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەزمونی هەمو هەڵبژاردنەکان ئەوەی سەلماندوە کە دەبێت دواتر هەر بسازێن، ئیتر بۆ ئەمڕۆ ناسازێن و کۆتایی بەم سیاسەتی ناکۆکیی و سڕینەوەی بێئاکامەی یەکتر ناهێنن؟"

هەڤاڵ ئەبوبەكر پێشنیار كردوە لە كوردستان کار بۆ بەرنامەو ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی دو بەرەی فراوانی گشتگیربکرێت و "ئەم بەرانە بەرەی نیشتمانیی بن، لەسەر بنەمای هەڵبژاردنێکی بێگەردو ڕاست و ڕەواو بێگزیی و فزیی و ساختەو دزیی، بەرەی زۆرینە بۆ ماوەی چوارساڵی بێزیادکردن، حکومەتێکی سەرتاسەری بەڕێوەبەرن و کاریان خزمەتی گشتیی بێت، نەک دەستکەوتی تاکەکەسیی، بەرەی دوەم ئۆپۆزسیۆنێکی کارای ڕاست و بەهێزبن و حکومەتی سێبەرو چاودێرێکی چاوتیژی دەستکراوەبن."

دەقی پەیامەكەی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر:

جەژن؛ باشترین دەرفەتی بەخۆداچونەوەو قبوڵکردنی یەکترییە، هیچ مەترسییەک لەسەر کورد، بەقەد مەترسیی کورد لەسەر خۆی؛ مەترسیدارو زیانبەخش و وێرانکەر نییە.

مەردانە؛ جەژن بکەنە ژوان و سەکۆی بەیەکگەیشتن و لەیەکگەیشتن و تێپەڕاندنی ناکۆکیی و ڕق و کینەو بوغزو غەدر و غوبن و غیرەو غرورو شەڕو نەگبەتیی.

هەڵبژاردن بکرێت، یان نەکرێت، هیچ لاو لیستێک بەتەنیا نیوەی کۆی کورسییەکان؛ ناهێنێت، ئەگەر لە هەر دۆخ و بەرەو ڕێکەوتنێکیشدا؛ زۆرینەیەک پێکهێنرا، ئەوا بە بێ ڕێکەوتنی ئەو دو لایەنەی کە بە لایەنە دەسەڵاتدارەکان ناسراون و (لە نەبونی یان نەتوانینی یان ڕێلێگرتنی بەدیلی واقعیی و ڕاستەقینەدا)؛ جوگرافیاو ئەمنییەت و زانیاریی و هێز و ئابوریی و دادگاو سنورو حکومڕانیی و حیزبڕانیی و زانکۆو دبلۆماسییەت و پەیوەندییەکان و کایەی گشتیی و کەرتی تایبەت و بازاڕو بانک و دراو بازرگانیی و ... تادییان؛ قۆرخکردوە، ئامانجەکان هەر چۆن بن؛ ئەنجامێک نادەن.

دەخوازم ئەم دو لایەنە ئێستا پێش هەڵبژاردن بسازێن و داکەون و لەسەر بەرژەوەندیی گشتیی نەک وەک ڕێکكەوتنە ستراتیژییەکەیان کە تەنیا بۆ خودی خۆیان بو، ڕێکبکەون، بەڵام ڕێکەوتنێکی نوێ کە هەمو میللەت یەکبخات، نەک پەکبخات. بیر لە مۆدێلێکی نوێی دەوڵەتداریی ڕەوا بکەنەوە، بۆ هەمو کورد، نەک تەنها بۆ ماڵباتی خۆیان.

چونکە ئەزمونی هەمو هەڵبژاردنەکان ئەوەی سەلماندوە کە دەبێت دواتر هەر بسازێن، ئیتر بۆ ئەمڕۆ ناسازێن و کۆتایی بەم سیاسەتی ناکۆکیی و سڕینەوەی بێئاکامەی یەکتر ناهێنن؟

ئەزمونی شەڕی ناوخۆتان تاقیکردەوە، سەرکەوتو نەبون، لە نیوە بەنیوەشدا بەهەمان شێوە، بەدو ئیدارەیی و یەکئیدارەو دو دەسەڵاتیی و بە زۆرینەو کەمینەش خراپتربون؛ باشتر نەبون.

 وا باشترە؛ لە کوردستاندا؛ کار بۆ بەرنامەو ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی دو بەرەی فراوانی گشتگیربکرێت؛ لەسەر بنەمای ئابورییەکی سەوزو ڕەوا (بەمانای زیادکردن و پاراستنی داهاتی گشتیی و ماڵ و دارایی گشتیی و دەرفەتی کارو گەشانەوەی بژێویی و داهاتی تاک و متمانەی بانکیی و سوڕی ڕەوای دراو دارایی و بوژاندنەوەی بازاڕو کەرتی تایبەت و گشتیی و تیوارانە کۆکردنەوەی هەمو داهاتەکان؛ دور لە دەستیی کەسیی و ماڵبات و حیزبیی و کۆتایهێنان بە ئابوریی چەتەگەرییانەی لەوەڕگایی قۆرخکراو)؛ نەک ئایینیی و ئایدۆلۆژیی و نەتەوەیی و نیشتمانیی، کار بۆ بەنیشتمانیکردنی دادپەروەرانەی هەمو کایەکان بکات، تیایدا بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک و هاوڵاتیسەنتەریی و  یاسا سەروەریی و ئاسایش و ئابوریی و ستیراتیژی نیشتمانیی و کوردستانیی؛ پارێزراوبن، حکومڕانیی دەوڵەتییانە بەرهەمبێنن و هەمو پایەکانی دەسەڵات و حکومڕانیی لەبەردەستی ئەو حکومەتە نوێیەدابێت، نەک وەک ئێستا دەسەڵاتدارییانە، ئەم بەرانە بەرەی نیشتمانیی بن، لەسەر بنەمای هەڵبژاردنێکی بێگەردو ڕاست و ڕەواو بێگزیی و فزیی و ساختەو دزیی، بەرەی زۆرینە بۆ ماوەی چوارساڵی بێزیادکردن، حکومەتێکی سەرتاسەری بەڕێوەبەرن و کاریان خزمەتی گشتیی بێت، نەک دەستکەوتی تاکەکەسیی، بەرەی دوەم ئۆپۆزسیۆنێکی کارای ڕاست و بەهێزبن و حکومەتی سێبەرو چاودێرێکی چاوتیژی دەستکراوەبن.

جەژن، کاتێک پیرۆزییەکانی وننابێت کە؛ بەرات و شادی و شایی و شانازیی و ئاشتیی؛ بەدوایخۆیدا بهێنێت، نەک قاتیی و شکست و شین و شەرم و شەڕ..

یەکگرن؛ سەرکەون..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×