بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەر هاووڵاتییەکی عێراق ساڵانە 143 کیلۆگرام خۆراک فڕێ دەدات.
راپۆرتەکە سەلماندوویەتی کە لە عێراق ساڵانە قەبارەی ئەو خۆراکەی بەهەدەر دەدرێت دەگاتە شەش ملیۆن تۆن و عێراق لە ریزبەندیی شەشەم وڵاتی دنیادایە کە زۆرترین خۆراک فڕێ دەدات.
لەگەڵ ئەمەدا تا ئەم ساتە لە عێراق هیچ پلانێک بۆ رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی خۆراک نییە و پێشبینی کراوە ئەمساڵ قەبارەی بەفیڕۆدانی خۆراک بۆ حەوت ملیۆن تۆن بەرز ببێتەوە.
داب و نەریتی کۆمەڵایەتی بە گرنگترین هۆکاری بەفیڕۆدانی خۆراک لە عێراق هەژمار دەکرێت، هاووڵاتییانی عێراق لە کاتی جەژن و میوانداری و بۆنەکاندا وای بە باش دەزانن خۆراکی زیاتر دروست بکەن بەڵام زۆربەی ئەو چێشت و خواردنەی دروست دەکرێ فڕێ دەدرێت.
عێراق لە کاتێکدا ئەو برە زۆرە خۆراکە بەفیڕۆ دەدات کە کۆمەڵگەکەی مسوڵمانە و لە ئایینی ئیسلامیشدا پێداگری لەوە کراوە نابێت خۆراک بەفیڕۆ بدرێت.
هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو دیاردەیە و ساڵانە خۆراکێکی زۆر بەفیڕۆ دەدرێت و لەگەڵ زبڵ و خاشاکی تر فڕێ دەدرێت لەکاتێکدا رێگریکردنی لە بەفیڕۆدانی خۆراک دەتوانێت سوودێکی گەورەی ئابووری هەبێت و بەمەبەستی پێشخستنی بواری تر و یان تێرکردنی برسییەکان بەکاربهێنرێت.