سودانی: چەك لە دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت نامێنێت
  2024-04-11       294       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ ئەمریكا دەرفەتێك دەبێت بۆ دانانی شەراكەتی نێوان هەردو وڵات لەسەر بناغەیەكی نوێ و جێگیرتر. دەشڵێت، لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات لەئاكامی شەڕیی گروپە چەكدارەكان ناوبەناو گرژییان تێكەوتوە، بەڵام لەگەڵ بەدەستهێنانەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەعێراق، پێویستی بۆ چەك لە دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت نامێنێت.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لە وتارێكدا كە "فۆڕن ئەفێرس" بڵاویكردۆتەوە باسی لە پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا كردوە لەدوای روخاندنی رژێمی پێشوی عێراقەوەو وتویەتی، لەو كاتەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات بە چەند قۆناغێكی بەرزی و نشێویدا تێپەڕیون و "لەگەڵ ئەوەش لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش لەنێوان سەركردەكانی هەردو وڵاتدا هەبوە لەبارەی ئەوەی كە پەیوەندییەكانمان ئەولەویەتی ستراتیژین."

سودانی وتوشیەتی، ئەمڕۆكە پێویستمان بە پاراستنی ئەو شەراكەتە ستراتیژییەی نێوانمانە، ئەویش لەڕێگەی گواستنەوەی بۆ قۆناغێكی نوێ، قۆناغێك كە پشتیوانی بێت بۆ سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بەبێ دەستهەڵگرتن لە هاریكاریی بەرهەمداریی نێوان بەغداو واشنتۆن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوە كردوە كە لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان هەردو وڵات خەریكی دانانی نەخشەڕێگایەك دەبن بۆ پەیوەندییەكانی نێوانیان لە داهاتوداو وتوشیەتی، ئەم كارەش وا دەكات بپەڕینەوە بۆ قۆناغێكی نوێی شەراكەتی نێوانمان لەسەر بنامەی هاریكارییەك كە تەنیا پەیوەست نەبێت بە بواری ئەمنی و سەربازییەوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتوشیەتی، لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات ناوبەناو گرژییان تێكەوتوە ئەوەش لەئەنجامی شەڕیی گروپە چەكدارەكان كە ماوەی دو دەیەیە لەعێراق هەن.

سودانی وتوشیەتی، "ئەو گروپە چەكدارانە لەو دۆخە ئاڵۆزەدا گەشەیان كردوە كە روبەڕوی عێراق بوەوە لە كاتی روبەڕوبونەوەی لەگەڵ تیرۆر، بەڵام پێ بەپێ و لەگەل بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری، پێویستی بۆ چەك لە دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت و دامەزراوەكانی نامێنێت، ئێمەوە پێكەوە كاردەكەین بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە."

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە حكومەتەكەی لە هەڵوێستی هەستیارو ئەو باڵانسە تێدەگات كە دەبێت بیپارێزێت لەنێوان ئەمریكاو ئەو گروپانەی كە هەندێك جار بەشێوەیەكی راستەوخۆ شەڕی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن.

بەڵام لەگەڵ ئەوەش سودانی وتویەتی، بۆچونی ئێمە لەوبارەیەوە رونە؛ ئێمە دژی ئەو هێرشانەین دەكرێنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ، لە هەمان كاتیشدا پێویستمان بە كاتە بۆ ئیدارەدانی ئاڵۆزییەكانی ناوخۆ و گەیشتن بە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان.

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە بڕیاری شەڕو ئاشتی، تەنیا لە پەیوەستە بە دەوڵەتەوەو هیچ لایەنێكی دیكە بۆی نییە داوای ئەم مافە بكات.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا سودانی وتویەتی، ئێمە پێشوازی لەوەدەكەین كە دەرفەتی ئەوەمان هەبێت پێكەوە لەگەڵ ئەمریكا كاربكەین بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ ئەوەش ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی كە نەكەوینە نێو ململانێی نێوان هەردو وڵاتی شەریكان كە ئێران و ئەمریكان.

ئاماژەی بەوەشداوە، كاتێك لە 15ی نیسان سەردانی واشنتۆن دەكەم و چاوم بە سەرۆك بایدن دەكەوێت، ئەوە دەرفەتێك دەبێت بۆ دانانی شەراكەتی نێوان ئەمریكاو عێراق لەسەر بناغەیەكی نوێ و جێگیرتر.

سودانی وتوشیەتی، لە گفتوگۆكانماندا لە ئەمریكا جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی پەیوەندییە ئابورییەكانمان و هاریكارییەكانمان بۆ روبەڕوبونەوەی سپیكردنەوەی پارەو پارەداركردنی تیرۆر دەكەینەوە لەگەڵ بەكارهێنانی ئامڕازە سیاسی و دیپلۆماسییەكان بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكەو هەروەها شەڕی دژبە تیرۆر وەك پرسی سەرەكی هەردو حكومەتی عێراق و ئەمریكا دەمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×