مقاوەمەى ئیسلامی عێراق هەڕەشەکانى بۆسەر ئەمریکا دەست پێدەکاتەوە
  2024-04-12       331       

گرووپە چەکدارەکانی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق هەڕەشەى دەستپێکردنەوەى هێرشەکانى بۆ سەر هێزەکانى ئەمریکا دەکات و دەڵێت: لە ئەگەری هەر هێرشێکی هێزەکانى ئەمریکا یان ئیسرائیل ئەوا دەستمان پێیان دەگات و وەڵامی ڕاستەوخۆمان دەبێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ گروپە چەکدارەکانى مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق   لەبارەی ئەو دۆخەی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند: گۆڕینی بەردەوامی ناوی داگیرکاریی ئەمریکا لە عێراق و ناساندنی بە هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمنی یان هەر ناوێکی دیکە هیچ بەهایەکی نییە و قبوڵکراو نییە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، هێزە داگیرکەرەکان هێشتا لە عێراق خاوەن بڕیارن بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا و بەردەوام پێشێلی سەروەری عێراق دەکەن، کە مەبەستى گرووپەکە هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتى لە عێراق.

 موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق جەختی لەوە کردوەتەوە کە داگیرکاران ژمارەی هێزەکانیان لە عێراق زیاتر کردووە، ئەمەش مانای وایە کە نیازی کشانەوەیان لە وڵاتەکەماندا نییە.

ئەو گرووپە چەکدارە ڕوونیکردوەتەوە کە  ئەمریکا تا دێت پشتیوانى بۆ قەوارەى زایۆنی (ئیسرائیل) زیاتر دەکات، بۆیە دەبێت ئەمریکا بەرپرسیارییەتى ئەم پشتیوانە بەردەوامەی بۆ زایۆنى هەڵبگرێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی گرووپەکە دا هاتووە: لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر سەرکێشییەکى هێزەکانی ئەمریکا یان دەوڵەتى زایۆنى لە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە ئەوا هۆشدارییان پێ دەدەین، لە هەر شوێنێک دەستمان پێیان بگات وەڵامی ڕاستەوخۆمان بۆیان دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١ـی ئەم مانگە هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و حەوت ئەفسەر وژمارەیەک بەرپرسی دیکەى سەربازی سوپای پاسداران و ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی و حزبوڵا کوژران، ئێران دەست بەجێ بەرپرسیارییەتى هێرشەکەى خستە ئەستۆی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل نە ڕەتیکردەوە و نە پشتڕاستى کردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×