قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەوپلانەی لەلایەن قائیمقامیەت و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ مانگی رەمەزانو رۆژانی جەژن دانراوه، بەسەرکەوتویی جێبەجێکراوه.
ئاوێنه: بهگوێرهی ڕاگهیهندراوی قائیمامیهتی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت کۆبوەوە، "سوپاسی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و هێزە ئەمنییەکانی کرد کە لەمانگی رەمەزان و رۆژانی جەژندا بەئەوپەڕی دڵسۆزییەوە کارەکانی خۆیان راپەڕاندوە."
ئاوات محەمەد ڕایگهیاندووه، "بەهۆی جوانی و دڵڕفێنی ناوچە گەشتیارییەکانی و ئەو ئارامییەی لەشارەکانی هەرێمی کوردستان فەراهەم بووە بۆ بەسەر بردنی رۆژەکانی پشوی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، وایکردوە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری لەدەرەوەی هەرێم سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن."
رونیشیکردوە؛ بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی، زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری سلێمانییان کردوە، کە ژمارەیەکی زۆریان لەناوەڕاست و خواروی عێراقەوە هاتون.
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووه، "پێشتر پلانێکی وردیان دانابو بۆئەوەی لەرووی تەندروستی و سەلامەتی و ئەمنییەوە خزمەتی هاوڵاتیان و گەشتیاران بکەن، خۆشبەختانە پلانەکان جێبەجێکران، هەربۆیە سوپاسی لیژنە هاوبەشەکان و هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەکەین کە بەڕۆڵ و ئەرکی خۆیان هەستان، وەکو هەمیشە لەخزمەتی هاوڵاتیان دا دەبین و خۆمان بەپارێزەری گیان و تەندروستیان دەزانین."