وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند "ئێمە هیچ کات نامانەوێت گرژییەکانى نێوان وڵاتەکەمان و ئێران پەرە بسێنێت".
ئاوێنە: لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە بارەی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو لەڕاگەیاندراوەکەی وەزیری بەرگری ئەمریکادا هاتووە "هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئیدانە دەکەین و ئێمە هیچ کات نامانەوێت گرژییەکانى نێوان وڵاتەکەمان و ئێران پەرە بسێنێت".
وەزیرى بەرگرى ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە "کەمتەرخەمی ناکەین لە هەنگاونان بە مەبەستى پاراستنی هێزەکانمان و بەرگریی کردن لە ئیسرائیل".
شەوی ڕابردوو ئێران لە ڕێگەی سەدان درۆن و موشەک هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد ئەمەش لە وەڵامی هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل، بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک فەرماندە و سەربازیی سوپای پاسداران کوژران و بریندرابوون.