هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
  2024-04-18       346       

ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق سه‌ردانی‌ هه‌ردو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەینی‌ كردوه‌و هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ لەهه‌ردو بانكه‌كه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌.

ئاوێنه‌: ڕونكردنه‌وه‌ی د.بڕیار ڕشید، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین:


بەمەبەستی بەدواداچون بۆ کردنەوەی لقەکانی لەهەرێمی کوردستان، سەردانی هەریەک لەبانکی ڕەشید و ڕافیدەین-مان کرد.

لەبەرواری (٢٠٢٤/٤/١٦ ) لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی بانکی ڕافیدەین بەڕێز دکتۆر علی‌ كەریم کۆبوینەوە.
دواتر لەبەرواری ( ٢٠٢٤/٤/١٨) لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی بانکی ڕەشیـد بەڕێز محەمەد سەمیر کۆبوینەوە.

دەرئەنجامی هەردو کۆبونەوەو بەدواداچونەکانمان:

١- بۆ ئەنجامدانی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران (توطین) بۆ هاوڵاتیانی هەرێم راستەوخۆ تەنها بە ناردنی:

ـ ناوی چواری کەسەکە
- ناوی  سیانی دایک
 - کارتی نیشتمانی
 - کارتی زانیاری  
لەڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، بانکەکان دەتوانن تەوطین بکەن، واتە پێویستی بەهاتنی هاوڵاتیان خۆیان نییەو دواتریش لەڕێگەی فەرمانگـەکانیانەوە کارتەکانیان بۆ دەنێردرێتەوە و هاوڵاتیان لەهەر ئامێرێکی (ATM) یاخود دەروازیەکی پارەدارکردن ئەتوانن موچەکانیان رابکێشن.

٢- کردنەوەی لقەکانی بانکەکان بۆ کارئاسانی زیاتر و سودمەندبوونی هاوڵاتیانە لەخزمەتگوزارییەکان وەک قەرز بۆ کڕین یان دروستکردنی خانوو یان قەرز بۆ  پرۆژەی جۆراو جۆر و تەواوی خزمەتگوزاریەکانی تر.

٣- کردنەوەی لقی دوو بانکی ناوبراو پێویستیان بە هەماهەنگی تەنها وەزارەتی دارایی عێراق و تۆماری خانووبەرە هەیە، چونکە لایه‌نەکانی تر وەک و وەزارەتی دارای عێراق و بانکەکان و بانکی ناوەندی هەموو ئامادەیاین تیایە.

ئەمە پێشتر بەنوسراو لاری نەبونمان وەرگرتووە. 

٣- ڕاستە موڵکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید کە لەلایەن حکومەتی هەرێم بەکاردێت و بۆ دام و دەزگای تر، بەڵام ئەمە بابەتێکی سەرەکی نییە و ڕێگرییەکی ڕاستی نییە لە کردنەوەی ئەو لقانه‌.

٤- ئەم موڵکانە مەرج نییە بگەڕێندرێتەوە و مەرج نییە بەتەواوی قەرەبوو بکرێتەوە بۆ ئەو دوو بانکە،  تەنها لە سەرەتادا مادام خۆیان موڵکیان هەبووە و هەیە،  ئەرکە لەسەر حکومەت کە  موڵک (بینا)یان بۆیان دابین بکات، و ئەم بینانە ڕووبەری  گەورەی پێوسیت نییە. بەڵکو تەنها لە ڕووبەری  ١٥٠-٢٠٠ مەتر دەتوانن فەرعەکانیان بکەنەوە. 

٥- ئەوەی کە ئەو دوو بانکە چاوەڕوانن کۆبونەوەی هاوبەش و دروستکردنی لیژنەی هاوبەشه‌ بۆ دەستپێکردنی بەهەنگاوی کرداریی، حکومەتی هەرێم دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی بەدواداچون و هەماهەنگی بۆ ئەم پرسە.

٦- بانکی رافیدەین و رەشید هەردووکی خاوەنی ئاپلیکەیشنی خۆیانن و هەموو ئەو تازەگەریانەی  لە بانکی ئەهلیدا هەیە بۆ  بەکارهێنەر لە شێوازی بەکارهێنان و ناردنی پارە لە ڕێگەی مۆبایلەوە و کڕین  و هتد… لەم دوو بانکەشدا هەیە.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×