وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج کرد
  2024-05-02       127       

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە گواستنەوەی پارەی مووچەی خانەنشینان کردووە بۆ سەر هەژماری بانکیان، ئەمڕۆ مووچەکانیان وەردەگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی ئایار، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی پێنجیان گواستووەتەوە سەر هەژماری بانکی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی عێراق.

ئاماژەیان بەوەکردووە، خانەنشینان لە رێگەی کورتە نامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە لە گواستنەوەی پارەکەیان بۆ سەر هەژمارەکەیان و دەتوانن بە کارتی بانکییەکەیان لە رێگەی لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە مووچەکانیان وەربگرن.

هاوکات، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق هەفتەیەک دەخایەنێت و سەرجەم فەرمانبەرانی وەزەرەتەکان لەم هەفتەیەدا مووچەکانیان وەردەگرن.

ئەمە لە کاتێکدایە، هێشتا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە، هەر چەندە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندبوو، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی بە شارستانی و سەربازییەوە رەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام وادەی ناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێم دیار نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×