فازڵ نەبی: بۆ ئەوەی گرفت بۆ موچە دروست نەبێ، پێویستە حكومەتی هەرێم پەلەبكات لە پڕۆسەی تەوتین
  2024-04-26       608       

فازڵ نەبی، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند: بەغدا لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، دەشڵێت: بۆئەوەی گرفت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست نەبێت، پێویستە حکومەتی هەرێم پەلە بکات لە پرۆسەی تەوتین.

ئاوێنە: فازڵ نەبی، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق، بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسەی کردوە چاوەڕواندەکرێت لە رۆژی یەکشەممە وردبینی لە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆتایی بێت و لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو پارەی موچە بنێردرێت، چونکە ناردنی موچەی ئەم مانگە تەنیا کۆمەڵێک رێکاری ئیداری ماوە.

وتیشی، وەزارەتی دارایی عێراق فشارێکی زۆری لەسەرە بەهۆی ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەوتین نەکراوەو هێشتا پارەش دەنێرێت، بۆیە بە نوسراوێک داوای کردوە پەلە بکرێت لە پرۆسەی تەوتین ئەگەرنا لە مانگەکانی داهاتو گرفت بۆ ناردنی موچە دروست دەبێت.

فازڵ نەبی وتیشی: هیچ کێشەیەک لە نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند نابێتە هۆی راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنیا بابەتی تەوتین نەبێت، مەرجیش نییە پرۆسەی تەوتین تەواو ببێت، تەنیا پرۆسەکە دەستیپێبکرێت گرفتەکانی بەردەم موچە چارەسەر دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی كوردستان پێداگرە لەسەر هەژماری من، لە روی یاسایی و داراییەوە تەوتین وەک هەژماری من وایە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە هەرێمی کوردستان پرۆسەکەی لە بانکە ئەهلییەکان کردوە، عێراقیش داوای تەوتین لە بانکە حکومییەکان دەکات.

ئەوەشی خستەڕو: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە تەوتینی فەرمانبەران لە بانكە حكومیییەكانی عێراق دەسەڵاتی هەرێم كەمدەكاتەوە.

سەبارەت بە رادەستکردنی داهات فازڵ نەبی رایگەیاند، وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەند داوای داهاتێکی دیاریکراو ناکات، بەڵکو داوای داهاتی مانگەکانی یەک و دو دەکات.

لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش وتی: دەبێت هەمو فەرمانگەکان لیستی پلەبەزرکردنەوە ئامادەبکەن بۆ ئەوەی رادەستی بەغدای بکەن و دەستپێبکاتەوە، ئەگەر بابەتی تەوتین و هەژماری من چارەسەرکرا ئەو کاتە لەگەڵ بەغدا دەگەنە ئەنجام و بڕیار دەرێت کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوتای موچەی فەرمانبەرانی ناوەند بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×