وتەبێژی پارتی: بەردەوامین لە هەڵوێستی خۆمان لەبارەی هەڵبژاردن
  2024-04-24       502       

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، حزبەكەیان بەردەوامە لە هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

ئاوێنە: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی هەڵوێستی حزبەكەیان بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتی"ئێمە لەگەڵ سیستمی هەڵبژاردن و رێگری لە بەشداربونی پێكهاتەكاندا كۆك نەبوین، پێكهاتەكان بەشێكی دانەبڕاوی جەستەی كۆمەڵگەی كوردستانین، بۆیە ئەو هەڵوێستەمان وەرگرت."

وتەبێژی پارتی وتیشی"بۆیە ئەگەر ئەم حاڵەتە لە هەڵبژاردندا بەردەوام بێت، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەڵوێستی خۆمان."

لەگەڵ ئەوەی دەنگۆی هەوڵی ئەوە هەیە كە جارێكی دیكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت بەڵام تاوەكو ئێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ كە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە ئەو وادەیە دیاریكراوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردنەكە نەكات، بەردەوام لەزاری سەركردەكانییەوە دوپاتیدەكاتەوە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەبێ پارتی ئەنجام نادرێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتەكانی دیكە كە كاندیدیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردوە، تاوەكو ئێستا بەڕەسمی جەخت لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە دەكەنەوە لەو وادەیەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە دیاریكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×