وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی خەرجکردنی 750 ملیۆن دینارەکەی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک رونكردنەوە دەدات
  2019-09-15       1161       

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە نوسراوێكی خۆی لەبارەی خەرجكردنی بڕی 750 ملیۆن دینارەکەی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک رونكردنەوە دەدات و دەڵێت؛ وەزارەتی ناوخۆ پارەکەی خەرج نەکردوە بەڵکو تەنیا پارێزگای دهۆکی لە رەزامەندییەکە ئاگادار کردوەتەوە.

ئاوێنە: پێشتر نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڵاوكرایەوە كە ئاڕاستەی نوسینگەی پارێزگای دهۆك كراوەو تێیدا باسی لە خەرجكردنی 750 ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی حەوتەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی دهۆك كردوە، ئەوەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەڕونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاندوە"پارێزگاکان لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتەکان دەکەن. ئەم نوسراوەش هی سەردەمی کابینەی هەشتەمە کە پارێزگای دهۆک داوای رەزامەندی کردبو لە وەزارەتی دارایی و وەزیری پێشوی داراییش داوای کردبو لە سەر بودجەی پارێزگا  پارەکە خەرج بکرێت، بەڵام پارێزگای دهۆک وەڵامی نوسراوەکەی دابوەوە کە بودجەی پێویستیان نییە."

وتوشیەتی"بۆیە دواتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەزامەندی وەرگیراو لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە پارێزگای دهۆک ئاگادار کراوەتەوە لە رەزامەندییەکە."

جەختیشی كردۆتەوە"وەزارەتی ناوخۆ پارەکەی خەرج نەکردوە بەڵکو تەنیا پارێزگای دهۆکی لە رەزامەندییەکە ئاگادار کردوەتەوە."

دەقی نوسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ...

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×