دو رۆژنامەنوسی ئاژانسی 'بلومبێرگ'ی ئەمریكی لەتوركیا دادگایی دەكرێن
  2019-09-20       859       

دو رۆژنامەنوسی تورك كە بۆ ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمریكی كاردەكەن، ئەمڕۆ هەینی لەبەردەم دادگا ئامادەبون لەسەر ئەوەی تۆمەتباركراون بە هەوڵدان بۆ شكاندنی ئابوری توركیا، ئەوەش دوای ئەوەی هەواڵێكیان سەبارە بە دابەزینی لیرەی توركی بڵاوكردبوەوە.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو دو رۆژنامەنوسە، بەشێك لە نزیكەی 10 كەسی دیكە كە لەچوارچێوەی هەمان دۆسیەدا، سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە كە بەشێكیان تەنها لەبەرئەوە بوە نوكتەیان لەبارەی دۆخی ئابوری وڵاتەكەوە بڵاوكردۆتەوە.

هەردو رۆژنامەنوسی ئاژانسی بلومبێرگ، كەریم كەرە كایاو فەرجان بالنكیلیچ، تۆمەتباركراون بە "زیانگەیاندن بە سەقامگیری ئابوری توركیا"، ئەوەش دوای ئەوەی دەستەی رێكخستن و چاودێری كەرتی بانك، سكاڵای لەسەر بەرزكردنەوە.

هەواڵەكەی ئەو دو رۆژنامەنوسە لە مانگی ئابی ساڵی رابردو بڵاوكراوەتەوە، ئەو كاتەی كە لیرەی توركی دابەزینێكی گەورەی بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریكی بەخۆیەوە بینی لەسایەی قەیرانی دیپلۆماتی نێوان ئەمریكاو توركیادا.

سكاڵاكارێكی تورك لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ داوای كردوە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر ئەو رۆژنامەنوسانەدا بسەپێنرێت.

بەپێی ئاژانسی فرانس پریس، رۆژنامەنوس كەرەكایا، لە بەردەم دادگا وتویەتی؛ ناتوانم لە هۆكاری ئەوە بگەم كە هەواڵەكەمان بۆچی پەرچەكردارێكی بەم شێوەیەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئیرۆڵ ئۆندەر، نوێنەری رێكخراوی "پەیامنێرانی بێسنور" لەتوركیا، كە ئامادەی دانیشتنی دادگا بوە، رایگەیاند، ئەم دادگاییكردنە، ئارەزویەكی نوێی نیگەرانكەر دەردەخات بۆ كردنە ئامانجی روماڵەكانی كاروباری ئابوری.

دادوەری دادگاكە، داوكاریی پارێزەرانی ئەو دو رۆژنامەنوسەی بۆ بێبەریكردنیان رەتكردەوەو دانیشتنەكەی بۆ 17ی كانونی دوەمی ساڵی داهاتو دواخست.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×