چی لە عێراقدا ڕووئەدات؟
  2019-10-05       683       

مەریوان وریا قانع

 

ئەمڕۆ لەسەر شەقامی ژمارەیەک لە شارەکانی عێراقدا تادێت خوێنی زیاتر دەڕژێت و خەڵکی زیاتر دەکوژرێت. عێراق بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە گۆمێکی تری خوێن. کێشەکانی ئەم وڵاتە تا دێت گەورەتر و قووڵتر دەبێتەوە، تا دێت دەرەنجامە وێرانکەرەکانی ساڵانێکی درێژی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و داھات و ھێز لە وڵاتەکەدا بەرجەستەتر دەبێت. تا دێت وڵاتەکە زیاتر و زیاتر باجی دروستبوونی نوخبەیەکی سیاسیی و ئابووریی تەواو گەندەڵ و دز و مافیایی ئەدات، نوخبەیەک لە دەرەوەی لانی ھەرەکەمی بەرپرسیارێتی سیاسیی و ئەخلاقیی و مێژووییدا، نوخبەیەک وڵاتەکە وەک قاسەیەکی گەورە ئەبینن بۆ دزین. ئەوانەی ئەمڕۆکە حوکمی ئەو وڵاتە دەکەن ھەموو ماناکانی وڵاتبوون و دەوڵەتبوون و نەتەوەبوونیان لەو وڵاتە و لە خەڵکەکەی سەندۆتەوە. عێراقی ئەمڕۆکە ھەرچییەک بێت ”دەوڵەتی نەتەوە“ نییە، دەوڵەتێک نییە حوکمی نەتەوە یان میلەتێک بکات بەناوی ”نەتەوە“ یان ”میلەتی عێراق“ەوە، یان نەتەوە و میلەتێک بێت دەوڵەتێکی ھەبێت بەناوی ”دەوڵەتی عێراق“ەوە. ئەوەی ھەیە و لە عێراقدا ئامادەیە نە دەوڵەتە و نە نەتەوە. لە عێراقدا دەوڵەت بوونی نییە چونکە یەکێک لە مەرجە ھەرە سەرەتاییەکانی بوونی دەوڵەت ”مۆنۆپۆڵکردنی بەکارھێنانی توندوتیژیی“ە. ئەمڕۆ لە عێراقدا تەنھا دەوڵەت خاوەنی ھێزی سەربازیی نییە کە ماف و توانای بەکارھێنانی توندوتیژیی شەرعی ھەبێت، بەڵکو چەندان ھێزی میلیشیایی گەورەو بچووک، بە ئینتیمای دینیی و تائیفیی و ئەتنیی و ئیقلیمی جیاوازەوە ھەن و کاردەکەن. خاوەن چەک و جبەخانەی گەورەن و لەم سەری وڵاتەکەوە بۆ ئەو سەری وڵاتەکە، بە ھەرێمی کوردستانەوە، تەڕاتێن دەکەن. ھەم زۆرێک لە پارتە سیاسییەکان میلیشیای خۆیان ھەیە، ھەم ھێزە دینییەکان و ھەم ھەندێک کەسایەتی تایبەتی نوخبە حوکمڕانەکە. ئەمەش وادەکات ئەو مەرجە سادەیەی کە دەوڵەتێک دەکات بە دەوڵەت لە عێراقدا بوونی نییە. لەمەش بترازێت دەوڵەتی عێراقیی دەسەڵاتی بەسەر ئەو زەمینە جوگرافییەدا ناشکێت کە زەمینی ئەوە و بە ھیچ شێوەیەک توانای پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکەی نییە. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو ناوچە سەوزەکەی بەغداد، کە سێنتەری حکومەت و حوکمڕانانی وڵاتەکەیە، تەواو لە سەرجەمی وڵاتەکە دابڕاوە و ھێزی تایبەت و سوپای تایبەت لە خەڵکی وڵاتەکە دەیپارێزن.

عێراق نەتەوەش نییە چونکە ھاوبەشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، ھاوبەشێکی فەرھەنگیی و ڕەمزیی، لانی ھەرە کەمی ھەستی ھاوڵاتیبوون و ھاونیشتیمانبوون بەو خەڵکە نابەخشێت کە لەو وڵاتەدا بەیەکەوە دەژین. فۆرمە سەرەکیی و بنەڕەتییەکنی شوناس لە وڵاتەکەدا فۆرمی تائیفیی و دینیی، ئەتنیی و ناوچەیین، ئینجا فۆرمی خێڵەکیی و عەشایەریی و خێزانین. دانیشتوانی وڵاتەکە ھاوبەشێکی واقیعیی و ڕەمزیی بەیەکەوە کۆیان ناکاتەوە و بەشێکی بەرچاویان بەسەر شوناسیی ناکۆک و ناحەزانەدا دابەشبوون. تەنانەت توڕەبوون و بەرگریکردن و بەگژاچوونەوەشیان بۆ دۆخە ناھەموارەکەی ناو عێراق بەیەکەوە کۆیانناکاتەوە و لەمەشدا ھەم پارچەپارچە و دابەشن. کاتێک خەڵکی کوردستان لە ١٧ شوباتدا ناڕەزاییان دەردەبڕیی، خەڵکی شارەکانی تری عێراق تەماشاکەرێکی سلبی بوون، ئێستاش کە لە شارە شیعییەکانی عێراقدا خۆپیشاندان ڕووئەدات، خەڵکی کوردستان و خەڵکی بەشێکی زۆری شارە سوونییەکان تەماشاکەرن. کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستاش سونەکانی عێراق لەسەر شەقامەکان بوون نە خەڵکی کوردستان و نە شارە شیعییەکان بێکردە و پەرچەکردار بوون. لەڕاستیدا دابەشبوونەکان زۆر فراوانتر و قووڵترن لەوەی تەنھا دابەشبوونبێت لەنێوان کورد و سونە و شیعەدا، بەڵکو لەناو ھە یەکێک لەو سێ لایەنەشدا چەندەھا دابەشبوونی دوژمنانەی ناوەکی تر ھەیە، کە ڕێ لە لانی ھەرە کەمی کۆگیریی و کاری پێکەوەیی دەگرێت.

تاقە کۆگیریی و ھاوچارەنووسیەک ئەمڕۆکە لە عێراقدا بوونی ھەبێت و ئامادەبێت، کۆگیریی و ھاوچەنووسی نوخبە سیاسیی و ئابوورییە حوکمڕان و گەندەڵەکەی ئەو وڵاتەیە، بە ھەرێمی کوردستانەوە. ئەوەی ئەم نوخبە حوکمڕانە کۆدەکاتەوە، ئەوەی دەیانکات بە پشت و پەنای یەکتری، ئەوەی وەک برای یەکتریان لێدەکات، بوونی پرۆژەیەکی سیاسیی ھاوبەش بۆ وڵاتەکە نییە، بوونی خەونێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نییە بۆ ھەموو وڵاتەکە، بەڵکو ھاوبەشییە لە گەندەڵیی و دزیی و تاوانکارییدا. نوخبەی حوکمڕان لە وڵاتەکەدا، لە بەسرەوە بۆ زاخۆ و لە فاوەوە بۆ ھەڵبەجە، گەندەڵیی وەک برا لەسەر خوانی نەوت و غازی دزراوی وڵاتەکە کۆیاندەکاتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا و شارە شیعییەکاندا ڕووئەدات، بەشێک نییە لە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەریی، تا ئەم ساتەش سنووری ناکۆکیی و جەنگی ناوەکیی شیعەکانی لەگەڵ یەکدا تێنەپەڕندوە. لەھەموو عێراقدا یەک پارتی سیاسیی بوونی نییە کە عێراقیی بێت و لە ھەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتەد ئامادەبێت، بزوتنەوەیەک نییە بەشە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەیەکەوە گرێبدات. ئەوەی ڕووئەدات توڕەبوونی خەڵکێکی ھەژارکراو و نائومێدکراوە کە ئاسۆیەکی بۆ کاری پێکەوەیی لەگەڵ بەشەکانی تری عێراقدا پێ نییە. ئەوەی ڕووئەدات ئەوەیە ھەندێک دەکوژرێن و ھەندێکی تریش، ھەمووان نا، خەمبارانە تەماشا دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×