بەغدا؛ ئەمڕۆش دەستپێكردنەوەی ناڕەزایەتییەكان كوژراوو برینداری لێكەوتەوە
  2019-10-06       889       

چەند بەرپرسێكی عێراقی رایانگەیاندوە، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەبەردەوامی شەشەم رۆژی ناڕەزایەتییەكاندا پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە بەغدای پایتەخت، كوژراو و برینداری لێكەوتۆتەوە.

ئاوێنە: چەند سەرچاوەیەكی پزیشكی و چەند بەرپرسێكی ئەمنی بە ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس-یان راگەیاندوە، لەدرێژەی ناڕەزایەتییەكاندا ئەمڕۆ یەكشەممە، لەناوچەی مەدینە سەدر-ی بەغدا سەدان كەس كۆبونەتەوەو هەوڵیانداوە ئەو تەوقە ئەمنییە بشكێنن كە هێزە ئەمنییەكان دروستیان كردوەو بەرەو ناوەڕاستی شارەكە بڕۆن.

ئەو سەرچاوانە بۆ ئاژانسەكە هێمایان بۆ ئەوەش كردوە كە لەئەنجامی پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەراندا حەوت كەس كوژراون و 17 كەسی دیكە بریندار بون.

بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز لەهەواڵێكدا باسی لە كوژرانی لانیكەم هەشت كەس و برینداربونی 25 كەس كردوە لە دەستپێكردنەوەی پێكدادانەكان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا لە ناوچەی مەدینە سەدر-ی بەغدا.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكی پۆلیس و چەند سەرچاوەیەكی پزیشكییەوە بڵاویكردۆتەوە كە ئەمڕۆ یەكشەممە، لە ناوچەی مەدینە سەدر-ی بەغدا پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەراندا سەری هەڵداوەتەوەو لەئەنجامدا لانیكەم هەشت كەس كوژراون و 25 كەسیش بریندار بون.

سەرچاوەكانی پۆلیس بۆ رۆیتەرز باسیان لەوە كردوە، ئەو هێزە ئەمنیانەی لەلایەن سوپاوە پشتیوانی دەكرێن، فیشەك و گازی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە دو ناوچەی مەدینە سەدر بەكارهێناوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ سەعد مەعن موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكانی شەش رۆژی رابردوی بەغداو شارەكانی دیكەی باشوری عێراقدا، 104 كەس كوژراون و زیاتر لە شەش هەزارو 100 كەسیش بریندار بون.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا درەنگانی شەوی رابردو، 17 بڕیاری وەك وەڵامێك بۆ داخوازییەكانی خۆپیشاندەران دەركرد.

هەژماركردنی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان بە شەهید و هەروەها كردنەوەی دەرگای وەرگرتنی خۆبەخش لە سوپاو وەرگرتنەوەی ئەو كەسانەی گرێبەستەكانیان لەسوپا هەڵوەشێنراوەتەوەو دابینكردنی زەوی و یەكەی نیشتەجێبون و رەخساندنی هەلی كار بۆ كەمدەرامەتان، بەشێك بون لە بڕیارەكان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×