لەهەولێر و سلێمانی بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان رێپێوان كرا
  2019-10-10       1102       

دژی هێرشی داگیركاری بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هەولێر و سلێمانی بە هەزاران كەس رێپێوانیان ئەنجامدا بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان و ئیدانەكردنی هێرشی سوپای توركیا.

ئاوێنە: کاتژمێر 2:30  خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری هەولێر بەڕێوەچو.

خۆپیشاندانەکە دژی داگیرکارییەکانی توركیایە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و خۆپیشاندەران دروشمی''نابۆ كۆمەڵكوژیی و تیرۆری ڕۆژئاوای كوردستان'' و "تیرۆرست ئەردۆغان"یان دەوتەوە و داوایان کرد، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگریی لە پەلامار و كۆمەڵكوژیی دەوڵەتی تورکیا بگرێت.

لەو خۆپیشاندانەدا هەمو توێژە جیاوازەکان بەشدارییان کردبو، تەنانەت خاوەن پێداویستیی تایبەت بە کورسیی کەمئەندامییەکەیەوە پێشی چالاکوانان کەوتبو.

خۆپیشاندەران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامونوسییدا یاداشتێکیان خوێندەوە، کە ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتوەکانیان کردبو.

هەندێك سەرچاوە باس لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكەی هەولێر دەكەن بەرەو بارەگانی كونسوڵخانەی توركیا لە شارەكە.

 

لەلایەكی دیكەوە هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێپێوانی توێژە جیاجیاکانی شاری سلێمانی بە پشتیوانییکردنی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و شەرمەزارکردنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەستیپێکرد و ھەزاران کەس دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" دەڵێنەوە.

ڕێپێوانی سلێمانی بە دەستپێشخەریی بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان لە شەقامی سالم "سەھۆڵەکە"وە بۆ بەردەم باخی گشتیی دەستیپێکرد.

ھەزاران ھاوڵاتی، چالاکوان، ڕۆشنبیر، کەسایەتیی، مامۆستای ئاینی، پەرلەمانتار، ھونەرمەند و توێژە جیاجیاکانی دیکە بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کردوە.

دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، بژی بەرخۆدانی یەپەگە، بژی بەرخۆدانی قەسەدە، سەرکەوتن سەرکەوتن بۆ ڕۆژئاوا سەرکەوتن، تێکۆشان تێکۆشان بۆ ڕۆژئاوا تێکۆشان،یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە،  تیرۆریست ئەردۆغان" بە شەقامی سالمی سلێمانیدا دەنگ دەداتەوە.

خۆپیشاندەران ئاڵاکانی قەسەدە، یەپەگە، یەپەژە و هەرێمی کوردستانیان بەرزکردوەتەوە.


تەواوی یاداشتەكەی خۆپیشاندەرانی هەولێر:

بۆ بەڕێز : بەڕێوەبەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەرێمی كوردستان

بەڕێز نوێنەرایەتی خاچی سوری جیهانی لە هەرێمی كوردستان

پەلامارو و لەشكركێشی سوپای توركیا بۆسەر گەلی ڕۆژئاوا بە كورد و سریان و عەرەب و ئەرمەنی بە هاوكاریی گروپە تیرۆریستییەكانی قاعیدەو داعش، دوابەدوای بڕیاری كۆشكی سپی ئەمریكا و كشانەوەی هێزەكانیان لە ناوچە سنورییەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا دەستی پێكردوە و بە ئاشكرا بانگەشەی كۆمەڵكوژیی و گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمەكە دەكەن.

بۆ بەرگرتن بەم تاوانە نێو دەوڵەتیانە و مەترسی ئەنجامدانی هەمو تاوانە نێو دەوڵەتییەكانی وەك تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی عدوان لە ئارادایە و دەستپێكی تاوانەكەش بە فڕۆكە باران و تۆپبارانی ناوچە مەدەنییەكان دەستی پێكردوە .

لێرەوە داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەین هێزی خۆی بەكار بهێنێت بۆ بەرگرتن بەم تاوانە و راگرتنی هێرشەكان و داگیركاری و پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل لە كاتی جەنگدا , رێگا بدرێت هاوڵاتیانی ناوچەكان ئارزومەندانە شێوازی حوكمڕانی خۆیان دیاربكەن كە تیایدا مافی مرۆڤ و مافە سەرەتاییەكانیان بە پێی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و یاسای جیهانی مافی مرۆڤ پارێزراو بێت .

تكایە بەر بە شەڕ و كۆمەڵكوژی و جینۆساید بگرن .

گردبونەوەی خەڵكی ئازادیخوازی هەولێر لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان

10-10-2019


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×