تره‌مپ: ساڵی پاریش وتیان دەبێت شانبەشانی کوردەکانی عێراق شەڕ بکەین بەڵام نەمانکرد و هیچ رووینەدا
  2019-10-13       966       

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ''دەبێت ئەم شەڕە بێکۆتاییانە کۆتاییانپێبێت و نابێت گوێ لەو کەسانە بگرین کە داوا دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنینەوە. هەروەها دەڵێت، ساڵی پاریش وتیان دەبێت شانبەشانی کوردەکانی عێراق شەڕ بکەین بەڵام نەمانکرد و هیچ رووینەدا''.

ئاوێنه‌: ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا بووە کە لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان کردوویەتی، هاوکات لە توویتێکی دیکەیدا دەڵێت: ئەوانەی ئێمەیان بردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 8 تریلیۆن دۆلاریان بەئێمە خەرجکرد و بە هەزاران کەسیان پێکردینە قوربانی، ئێستا داومان لێدەکەن لەوێ بمێنینەوە.

شەوی رابردووش لە کۆنفرانسێکی سیاسی ساڵانەدا لە واشنتن، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە رووداوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند: "ساڵی پاریش وتیان دەبێت شانبەشانی کوردەکانی عێراق شەڕ بکەین، وتمان کە شەڕ شانبەشانی کوردەکان ناکەین لەدژی عێراق، شەڕێکی بچووک روویدا، جێمانهێشت و تەماشامان کرد و هیچ رووینەدا".

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: نابێت گوێ لەو کەسانە بگرین کە هیچ زانیارییەکیان نییە، ئەوانە سەلماندوویانە کە کەسانی بێ بەهرەن. 

ترەمپ هەروەها دەڵێت: "پێموانییە کە دەبێت سەربازەکانمان بۆ ماوەی 50 ساڵی دیکەش سنوورەکانی نێوان سووریا و تورکیا بپارێزن لەکاتێکدا ئێمە لێرە ناتوانین سنوورەکانی خۆمان (سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک) بپارێزین".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×