ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی لێخۆشبونی سەرەتایی لە سزاكان بۆ سوریا دەردەكات. ئەگەر سوریا هەنگاو بەرەوپێشەوە بنێت، ئەوا سزاكان بەشێوەیەكی هەمیشەیی هەڵدەگرن.
ئاوێنە: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە توركیا لەدوای دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا وتی، ترەمپ لێخۆشبونی سەرەتایی لە سزاکان بۆ سوریا دەردەکات، ئەوەش دەرفەتێکی مێژوویی دەبێت بۆ سوریا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا دەیەوێت هەمو هەوڵێک بدات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا. وتیشی، سەقامگیری لە سوریا کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئیدارەی نوێی سوریا خوازیاری ئاشتییە لەگەڵ هەمو دراوسێکانی، لە هەندێک بابەتدا داوای هاوکاریی لێکردوین، ئێمەش دابینی دەکەین.
جەختیشی كردەوە، ئەگەر سوریا هەنگاو بەرەوپێشەوە بنێت، داوا لە کۆنگرێس دەکەین سزاکان بەشێوەیەكی هەمیشەیی هەڵبگرێت.
لەدوای ئەوەش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی كۆبونەوەی مارکۆ رۆبیۆ و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە راگەیەنرداوێكدا وتی، كۆبونەوەكە لە دوای دیداری مێژویی 14ی ئایاری سەرۆک ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع لە سعودیە دێت.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆوبنەوەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ سوککردنی سزاکان بەمەبەستی سەقامگیرکردنی سوریاو هەروەها پێشوازیی کرد لە بانگەوازەکانی حکومەتی سوریا بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێران لە سوریا، پابەندبون بە دیاریکردنی چارەنوسی هاوڵاتیانیی ئەمریکی بێسەروشوێن یان کوژراو لە سوریا و لەناوبردنی هەمو چەکە کیمیاوییەکان.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ماركۆ رۆبیۆ جەختی لە گرنگیی زۆری پاراستنی مافە مرۆییەکانی هەمو سورییەکان کردەوە، بەبێ گوێدانە نەژاد یان ئایین.