رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: توركیا لەباكوری سوریا تاوانی جەنگی ئەنجامداوە
  2019-10-18       979       

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی(ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ئاشکرای کرد؛ سوپای توركیاو میلیشیا چەكدارەكانی هاوپەیمانی لەمیانی هێرشەكەیاندا بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا چەند پێشێلكاری مەترسیدارو هەروەها تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە ئەمڕۆ هەینی، لەڕاپۆرتێكدا سەبارەت بە دۆخی باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە، رایگەیاند، سوپای تورکیا و چەکدارە توندڕەوەكانی سەر بەو وڵاتە چەندین پێشێلكاری مەترسیدارو تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لەوانە لەڕێگەی كوشتنی بەئەنقەستی هاوڵاتیان و هێرشی نایاسایی لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكەیاندا بۆ سەر ناوچەكە.

ئەمنستی جەختی کردوەتەوە؛ بەپێی ئەو راپۆرت و بەڵگانەی دەستیان کەوتوە، تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکان هێرشی هەڕەمەکی دەکەنە سەر ناوچەکانی نیشتەجێ بون و نانەواخانە و قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان.

کوشتنی هەڤرین خەڵەف سەرۆکی پارتی ئایندەی سوریای بەنمونە هێناوەتەوە کە لەلایەن چەکدارانی ئەحرار شەرقییەی سەر بە تورکیاوە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.

کۆمی نایدۆ، ئەمینداری گشتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە، هێرشی تورکیا بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بوەتە هۆی وێرانکردنی ژیانی هاوڵاتیانی و مەدەنی و ناچار بون جارێکی دیکە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، کە بەردەوام لەژێر ترسی هێرش و تۆپبارانی هەڕەمەکی و رفاندن و کوشتنی بە ئەنقەستدان.

نایدۆ، تورکیای بە بەرپرسی سەرەکیی داناوە لە هەڵسوکەوتی گروپە چەکدارە توندڕەوە سورییەکانی لایەنگری ئەو وڵاتە، کە رێگەی پێداون تاوانی جەنگ ئەنجام بدەن، بە تایبەتی کە پێشتریش هەمان هەڵسوکەوتیان لە عەفرین ئەنجامداوە.

وتوشیەتی"هێرشە دوژمنکارانەکان بوەتە هۆی رێگریی کردن لە گەیشتنی کۆمەکی مرۆیی و پزیشکی بۆ دانیشتوانی ناوچە گەمارۆ دراوەکان."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×