وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق رەتیكردەوە رۆژی هەینی هێڵی ئینتەرنێت رابگیرێت
  2019-10-21       598       

وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق هەواڵی راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت لە رۆژانی هەینی و شەهممەی داهاتو رەتدەكاتەوەو دەشڵێت، ئەو نوسراوەی بەناوی وەزارەتەكەوە بڵاوكراوەتەوە ساختەیە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە ئەمڕۆ دوشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی كە لەلایەن هەندێك لە كەناڵە ئاسمانییەو پێگەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بە راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت لە رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتودا، درون لە راستییەوە.

پێشتر هەندێك لە میدیاكان و پێگەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسراوێكیان بەناوی وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق بە ئیمزای نوعەیم سەجیل روبەیعی، وەزیری پەیوەندییەكان بڵاوكردۆتەوە كە ئاراستەی کۆمپانیاکانی دابینکەری هێڵەکانی ئینتەرنێت کراوە، فەرمان بە ڕاگرتنی ئینتەرنێت دەکات لەرۆژی هەینی داهاتوەوە تا رۆژی شەممە كە ئەوەش ئەو وادەیەیە بۆ دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان دانراوە.

نوسراوەكە داوای لە کۆمپانیاکانی دابینکەری هێڵی ئینتەرنێت و هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ، زەین و کۆڕەک كردبو، هێڵی ئینتەرنێت لەسەعات 6ی بەرەبەیانی رۆژی هەینى 25ی ئۆکتۆبەری 2019 هەتا سەعات 11ی شەوی 26ی ئۆکتۆبەری 2019 رابگرن.

هەر لەو فەرمانەدا، كە بەناوی وەزارەتەکەوە بڵاوكرابوەوە، کۆمپانیا دابینکەرەکانی هێڵەکانی ئینتەرنێت ئاراستە دەکات بەوەی کە بڵێن بە هۆکاری چاککردنەوە ئینتەرنێت دەوەستێت.

بەڵام وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ بەیاننامەكەدا، وێنەیەكی نوسراوەكەی بڵاوكردۆتەوەو لەسەری نوسیوە"ساختەیە."

وەزارەتەكە داوای لە دەزگاكانی راگەیاندن كردوە دیقەت و میسداقییەكان لەگواستنەوەی هەواڵەكاندا رەچاو بكەن و هەواڵەكان لە سەرچاوە سەرەكی و رەسمییەكانەوە بگوازنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بە گوێرەی بەیاننامەی دەستەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی عێراق وابڕیارە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شار و شارۆچکەکانی دیکەی عێراق دەستپێبکەنەوە.

دوێنێش موقتەدا سەدر، رێبەری‌ رەوتی‌ سەدر داوای‌ لە لایەنگرانی‌ كرد بەدەم داواكاری‌ دەستپێكردنەوەی‌ خۆپیشاندانەكانەوە لە رۆژی‌ هەینی‌ داهاتودا بچن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×