ته‌ندروستی هه‌ولێر رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر "كێكه‌ توركییه‌كه‌" ده‌دات
  2019-10-29       1962       
پشكنینی‌ كێكه‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێره‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر "كێكه‌ توركییه‌كه‌" ده‌دات‌و ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌  "حه‌بی" تێدا بێت.

ئاوێنه‌: پاش بڵاوبونه‌وه‌ی‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌باره‌ی‌ جۆره‌ كێكی‌ توركی كه‌ گوایه‌ هه‌ر دانه‌یه‌ك له‌و جۆره‌ كێكانه‌، ژماره‌یه‌ك حه‌بی تێدایه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری ته‌ندروستی له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌، له‌پشكنینی سه‌ره‌تایی هیچ جۆره‌ حه‌بێك نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌و نمونه‌ی كێكه‌كه‌ش ره‌وانه‌ی تاقیگه‌ كراوه‌.

بەڕێوبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی هه‌ولێر له‌په‌یجی فه‌رمی خۆی بڵاویكردۆته‌وه‌، لەسەر فەرمانی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم، تیمەكانی كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر بەدواداچونیان بۆ ئه‌و جۆره‌ كێكه‌ كردووه‌ كه‌ له‌گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كرد، "حه‌بی" تێدایه‌.

له‌روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، پاش ئەوەی چەندین نمونەی جۆراو جۆری لێوەرگیرا رونبوەوە كە ئه‌و جۆره‌ كێكه‌، هیچ جۆرە حەبێكی تێدا نییە.

د. سەرهەنگ جەلال بەڕێوبەری كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر ده‌ڵێت، "نمونەی ئەو كێكەمان ناردووە بۆ تاقیگە تاكو پشكنینی تەواوی تاقیگەیی بۆ بكرێت، هاوكات ئەو جۆرە كێكە بەر لەمانگێك لەلایەن تیمەكانی بەڕێوبەرایەتیمان لەچوارچێوەی كاری ڕۆژانەی خۆماندا پشكنینمان بۆ كردبو. هاوڵاتیانیش دڵنیادەكەینەوە كە بەزوترینكات لەئەنجامی پشكنینەكە ئاگادار دەكەینەوە".
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×