ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری دەستپێكردنی رێكارەكانی دورخستنەوەی "ترامپ"ی پەسەندكرد
  2019-10-31       1905       

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕەسمی دەستی كرد بە قۆناغێكی نوێ و ئاشكرای لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كراون و بۆ یەكەمجار دەنگی لەسەر گرتنەبەری رێكارەكانی دورخستنەوەی سەرۆك دا.

ئاوێنە: ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە پارتی دیموكراتەكان زۆرینەی پێكدەهێنن، بە دەنگی 232 ئەندام بەرامبەر بە دەنگی 196 ئەندام، دەنگی لەسەر بەڕەسمی دەستپێكردنی پڕۆسەی لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دا كە ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كراون بەوەی دەسەڵاتەكانی بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆی بەكارهێناون.

نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەر لە دەنگدانەكە رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوی داهاتوی رێكارەكان بۆ رێكخستنی چەند دانیشتنێكی كراوەی گوێگرتن لەبەردەم لیژنەی هەواڵگریدا لە ئەنجومەنی رێكدەخات تاوەكو هەمو خەڵك خۆیان راستییەكان بزانن.

دوای دەنگدانەكەش ترەمپ لە تویتێكدا ئیدانەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردو بە "گەورەترین هەڵمەتی جادوگەران لە مێژو"ی ئەمریكادا ناوی برد.

لە تویتێكی دیكەدا ترەمپ، رایگەیاند"فێڵی لێپرسینەوەو دورخستنەوە كە ئەنجومەنی نوێنەران هێناویەتە گۆڕێ، زیانێكی گەورە بە بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ئەمریكا دەگەیەنێت، بەڵام دیموكراتەكان گرنگی بەمە نادەن."

لە دەنگدانەكەدا جگە لە دو ئەندامیان سەرجەم دیموكراتەكان دەنگیان لەبەرژەوەندی بڕیارەكە داوە و كۆمارییەكانیش بەتەواوی دژی بون.

 لای خۆیشیەوە كۆشكی سپی لەبەیاننامەیەكدا، میكانیزمی دورخستنەوەی ترەمپی بە "نایاسایی" ناوبردو رایگەیاند"دیموكراتەكان هەمو رۆژێك كاتێكی كات بە فیڕۆدەدەن بۆ پرسی دورخستنەوەی ترەمپ، وەك هەوڵێك كە ماكی سیاسی هەیە بۆ تێكشكاندنی سەرۆك."

پیلۆسی رایگەیاند، بەهۆی ئەم بڕیارەوە ئەمریكییەكان دەتوانن گوێبیستی ئەوە بن كە چۆن سەرۆك، راستەوخ دەسەڵاتەكانی خراپ بەكارهێناوە.

رۆژی 24ی ئەیلول، نانسی پێلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ حزبەكەیان هەوڵەكانیان بۆ دەستكردن بە رێكارەكانی دورخستنەوەی ترەمپ دەست پێكرد ئەوەش دوای تۆمەتباركردنی بەوەی كە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئۆكرانیا، داوای لە ناوبراو كردوە فەرمان بدات بە لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییە داراییەكانی كۆڕەكەی جۆ بایدن لەو وڵاتەو هەروەها لێكۆڵینەوە دژ بە جۆ بایدن خۆی.

بەپێی قسەی هەواڵدەرەكان لە كۆشكی سپییەوە، ترەمپ تەنانەت پێشنیاری هاوكاری سەربازی بۆ ئۆكرانیا كردوە ئەگەر سەرۆكەكەی داواكارییەكەی جێبەجێ بكات.

بۆ ئەوەش دیموكراتەكان ترەمپ-یان تۆمەتبار كرد بە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بۆ مەبەستی شەخستی، چونكە جۆ بایدن، جێگری سەرۆكی پێشوی ئەمریكا، زۆرترین دەرفەتی هەیە كە ببێتە ركابەری دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی 2020ی ئەمریكادا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×