ئەندۆنیسیا..سزای جەڵدلێدان لەسەر زینا بۆ كەسێك جێبەجێ كرا كە خۆی دانەرێكی سزاكەیە
  2019-11-02       1656       

پیاوێكی ئەندەنوسی، كە خۆی بەشدارە لە داڕشتنی یاسای توندكردنەوەی سزای زینادا هەیە، سزای لێدانی جەڵدی بەئاشكرا بەسەردا سەپێنرا، دوای ئەوەی لەگەڵ ژنێكی مێردداردا، دەستگیركرا.

ئاوێنە: موخڵیس بن محەمەد، كە لە ئەنجومەنی زانایانی هەرێمی "ئاچێ"ی ئەندەنوسیا كاردەكات، 28 جڵدی بەبەرچاوی خەڵكەوە لێدرا و هەروەها ئەو ژنەشی پەیوەندی لەگەڵ دروست كردبو 23 جەڵدی لێدرا.

موخڵیس خەڵكی هەرێمی "ئاچێ"یە كە تاكە ناوچەی ئەندەنوسیایە بنەمای شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ دەكات.

لەهەرێمەكە سزای جەڵد لێدان بەسەر ئەو كەسانەشدا جێبەجێدەكرێت كە لەلایەن دادگاوە بەهۆی هاوڕەگەزبازیی یاخود قوماركردنەوە حوكم دەدرێن.

حسێنی وەهاب، جێگری عومدەی ناوچەكە بە بی بی سی وتوە"ئەوە شەرعی خوایە. دەبێت سزای لێدانی جەڵد بەسەر هەر كەسێكدا كە تاوانبارە جێبەجێ بكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەندامی ئەنجومەنی زانایانیش بێت."

موخڵیس لەگەڵ ئەو ژنەی كە لەگەڵیدا بوە، لەمانگی ئەیلول پێكەوە لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا كە لەنزیك كەناری دەریایەكی گەشتیاری وەستابو، دەستگیركران. 

دوێنێ هەینی، سزای لێدانی جەڵد بەسەر موخڵس و ئەو ژنەدا جێبەجێكراو دەسەڵاتدارانیش موخڵس-یان لە ئەنجومەنی زانایانی "ئاچە" دەركرد. 

موخڵیس، تەمەن 46 ساڵ، یەكەم سەركردەی ئایینییە كە سزای زێنای لە هەرێمی ئاچە بەسەردا دەسەپێنرێت لەدوای ئەوەی هەرێمەكە لەساڵی 2005ەوە بەڕەسمی شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ دەكات.

ئەنجومەنی زانایانی ئاچێ، راوێژ دەداتە حكومەت و دەستەی یاسادانانی خۆجێی ناوچەكە لەبارەی داڕشتن و جێبەجێكردنی یاساكانی شەریعەتی ئیسلامییەوە.

سزای جەڵد لێدان لەسەر سەكۆیەك لەبەردەم خەڵكدا جێبەجێ دەكرێت بەڵام رێگە بە منداڵان نادرێت سەیری بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×