وه‌زاره‌تی بازرگانی حكوومه‌تی هه‌رێم: پلان بۆ بایکۆتی هیچ وڵاتێک نییە
  2019-11-02       981       

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماری گرنگ دەرباره‌ی ئاستی بازرگانیی هەرێمی كوردستان و ژماره‌ی كارگه‌كان و بوونی مادده‌ بنچینه‌یییه‌كان ده‌خاته‌ ڕوو.

ئاوێنه‌: فه‌تحی محەمه‌د وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "به‌گوێره‌ی ئه‌و داتایانه‌ی كۆمان كردوونەته‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئاستی بازرگانیی ساڵی 2018ی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ گشت وڵاتانی جیهاندا بریتی بووه‌ له‌ 28 ملیار دۆلار. به‌گوێره‌ی گه‌شه‌ی ئابووری و زۆربوونی جووڵه‌ی بازرگانیشەوە پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌مساڵ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بگاته‌ سه‌رووی 30 ملیار دۆلار".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "له‌ ڕووی پیشه‌سازییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باشتربوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، زیاتر له‌ 4850 كارگه‌ی ناوخۆیی كه‌وتوونه‌ته‌ كار و ئێستا له‌كار دان، كه‌ هه‌ندێک له‌وانه‌ مادده‌ی بنچینه‌یی به‌رهه‌م ده‌هێنن و توانیویانه‌ پێداویستیی ناوخۆ به‌ زیاده‌وه‌ دابین بکەن، وه‌ک كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ و ئاسن و شیش".

فه‌تحی محەمه‌د وتیشی: "پلانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌ره‌ به‌ كاره‌ بازرگانییه‌كانی بدات و جموجووڵی بازرگانی زیاتر بكات و هیچ پلانێكیش نییه‌، کە بایكۆتی هیچ وڵاتێک بكه‌ین.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×