رۆیتەرز: لەبەغدا پێنج خۆپیشاندەر كوژران
  2019-11-04       460       

ئاژانسی رۆیتەزر لەزاری شایەتحاڵێكەوە بڵاویكردۆتەوە كە ئەمڕۆ دوشەممە، هێزە ئەمنییەكان لە بەغدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردوەو لەئاكامدا لانیكەم پێنج خۆپیشاندەر كوژراون.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز لەهەواڵێكدا بڵاویكردەوە كە گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئاژانسەكەیان دەریدەخات كە هێزە ئەمنییەكان راستەوخۆ تەقە لەخۆپیشاندەرێك دەكەن و دەیكوژن.

وێنەگرێك بە ئاژانسەكەی راگەیاندوە، لانیكەم كوژرانی چوار خۆپیشاندەری دەكەین بینیوە كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تەقەیان لێكراوە.

لەلایەكی دیكەوە میدیا عێراقییەكان باس لە برینداربونی حەوت خۆپیشاندەر دەكەن لەمیانی هەوڵی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لەسەر پردی ئەحرار لەبەغدا.

ماڵپەڕی سومەریەنیوز، بڵاویكردۆتەوە كە ئەمڕ دوشەممە، هێزە ئەمنییەكان، بە تەقاندنی فیشەك بەهەواداو لێدان بە دار، بڵاوەیان بەو خۆپیشاندەرانە كردوە كە هەوڵی داخستنی پردی ئەحرار-یان لەناوەڕاستی بەغدا داوەو لەئەنجامدا حەوت خۆپیشاندەر بریندار بون.

ئەوەش لەكاتێكدا كە پێشتر عەلی بەیاتی، ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەعێراق رایگەیاند، لەمیانی خۆپیشاندەكانی سەرەتای مانگی رابردو تا ئێستا لە بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق 250 كەس كوژراون و زیاتر لە 11 هەزار كەسیش بریندار بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×