خۆپیشاندەرانی بەغدا: تا بەدیهێنانی داواكارییەكانمان بەردەوام دەبین لەناڕەزایەتییەكان
  2019-11-05       675       

خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا جەخت لەسەر بەردەوامبونی خۆپیشاندانەكانیان دەكەنەوە تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و دەشڵێن، بەپێچەوانەوە ناڕەزایەتییەكانیان توندتر دەكەن.

ئاوێنە: خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا، لە نوێترین بەیاننامەیاندا، رایانگەیاند، لەو كاتەوە كە لە گردبونەوەی ئاشتیخوازانەمان لە 25ی مانگی رابردوەوە راگەیاند، تا ئەمڕۆ، ئێمە بە بۆمب و فیشەكەكانیان هەمو سەری سەعاتێك دەكوژرێین و سەركوت دەكرێین.

وتوشیانە"ئەو هەمو خوێنە پاكە هێشتا ویژدانی پەرلەمان و حكومەت و كوتلە سیاسییەكان، ئەوانەی كە داخوازییەكان و خوێنی خۆپیشاندەرانیان پشتگوێخستوەو بەكەم وەرگرتوە، نەجوڵاندوە."

جەختیشیان كردۆتەوە كە سیاسییەكان گرەو لەسەر ئارام لێبڕانی خۆپیشاندەران و بەردوام نەبونیان لە خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەكەیان دەكەن بەڵام ئێمە جەخت دەكەینەوە كە گردبونەوەو خۆپیشاندانی ملیۆنیمان بەردەوام دەبێت تا داخوازییەكانمان دێنەدی.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی یەكشەممە لەبەیاننامەیەكدا داوای لەخۆپیشاندەران كردبو كە رێگە بدەن ژیان بگەڕێتەوە بۆ سەر بارە ئاساییەكەی چونكە بەقسەی ئەو بەشێكی زۆری داخوازییەكانیان هاتۆتە دی.

خۆپیشاندەرانی تەحریر لە بەیاننامە نوێكەیاندا وتویانە، بەبێ جێبەجێكردنی ئەو چوار داواكاریەمان كە لە بەیاننامەكەدا خستومانەتەڕو، هەنگاوی توندترمان دەبێت وەك لەدو رۆژی رابردودا بینیتان و گەڕانەوەی ژیانیش بۆ سەر باری ئاسایی بونی نییە تەنها بەگەڕانەوەی ئەو نیشتمانە نەبێت كە شەهیدان خوازیاری بون.

بەپێی بەیاننامەكە چوار داواكاریبەكەی خۆپیشاندەرانی تەحریر پێك دێن لە:

1.دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی قەناس بەدەستەكان كە دەستی بەخوێنی خۆپیشاندەران سور بوە.

2.هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كە بە ساختەكاریی ئابڕوبەرانەو كڕینی دەنگ و سوتاندنی سندوقەكان، دروست بوە.

3.ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بە یاسایەكی نوێ و عادیلانە، بەسەرپەرشتی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقی و نەتەوە یەكگرتوەكان.

4.دروستكردنی كۆمسیۆنێكی هەڵبژاردنی سەربەخۆ لەماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا كە دور بێت لە پاشكۆیەتی حزبەكان و پشكپشكێنەی سیاسی.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×