لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا
  2019-11-05       1886       
یەکەم کۆبونەوەی لیژنەكه‌
یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی پەرلەمانیی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق ئه‌نجامدراو لیژنه‌كه‌ چه‌ند بڕیارێكی‌ ده‌ركرد.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە، یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی پەرلەمانیی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق لەباڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران‌و بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئەنجامدرا.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌م بڕیارانه‌درا:

1- بەشداریپێكردنی حكما كە مەرجەعیەتی دینی بانگەوازی بۆ كردبو بۆ پێكهێنانی لەگفتوگۆكانی لیژنەكە بۆ پێدانی بیرۆكەو پێشنیار سەبارەت بەهەمواری دەستور.

2- بەشداریپێكردنی شارەزایان بەپێی یاسای دەستوریی لەزانكۆكانی عێراق بۆ دارشتنی رەشنوسی پێویست بەمەبەستی هەمواری دەستور.

3- بانگەواز بۆ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و سەندیكاو یەكێتیەكان بۆ پێدانی بۆچون‌و بیرۆكەو پێشنیار سەباەت بەهەمواری دەستور.

4- كردنەوەی پێگەیەكی ئەلیكترۆنی كە لەرێیەوە بۆچونی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقی وەربگیرێت لەنێویاندا نوێنەرانی خۆپیشاندەران سەبارەت بەبۆچونیان دەرحەق بەهەمواری دەستور.

5- پشتبەستن بەشارەزایانی نەتەوەیەكگرتوەكان لەرێی نێردەیان لەعێراق.

6- بانگەواز بۆ دەسەڵاتی دادوەری‌و جێبەجێكردن بۆ ناردنی نوێنەرانیان بۆ گوێبیستی بۆچونیان سەبارەت بەهەمواری دەستور.

7- بانگەواز بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن بۆ ئامادەبون لەدانیشتنەكانی گفتوگۆ سەبارەت بەهەمواری دەستور بەمەبەستی گواستنەوەی بۆ ڕای گشتی.

8- بەردەوامبون لەسەر هەموار بەپێی وادەی دەستوری دیاریكراو.

وەک وەڵامدانەوەی بەشێک لەداواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق، بەبڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (221) لە 3/11/2019 پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی 18 کەسیی به‌ناوی‌ (لیژنەی كاتی پێشنیارەكانی هەمواری دەستور) پێکهێنا، لەنوێنەرانی فراکسیۆن‌و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بۆ هەموارکردنەوەی دەستور.

له‌لیژنه‌كه‌دا هەریەک لەد.یوسف محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی‌و جوان ئیحسان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق ئەندامن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×