ھەفتەی داهاتوو دانیشتنەکانی دادگای تایبەت بە لەکارلابردنی ترەمپ دەستپێدەکات
  2019-11-07       1017       
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە دەستبەکاربوونییەوە تا ئێستا دووچاری ناڕەزاییەکی زۆر بووەتەوە، بڕیاریشە لە ھەفتەی ئایندەوە دانیشتنەکانی دادگا تایبەت بە لەکارلابردنی ناوبراو دەستپێبکەن.

ئاوێنه‌: دانیشتنەکانی دادگا بۆ ڕای گشتی کراوە دەبن و ھاووڵاتییان و ڕۆژنامەنووسانیش دەتوانن تیایاندا ئامادەبن.

سەرۆکی لیژنەی ھەواڵگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئادەم شیف لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، ''ھەفتەی ئایندە یەکەمین دانیشتنی دادگا تایبەت بە لێکۆڵینەوەی لیژنەی ھەواڵگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ لەکارلابردنی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەدەچێت''.

شیف ئەوەشی خستوەتەڕوو کە لە دانیشتنەکەی ١٣ی تشرینی دووەمدا ھەریەکە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە کیڤی پایتەختی ئۆکرانیا ویلیام تەیڵەر لە ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٩ و بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا جۆرج کەنتی ئامادەدەبن و لەبەردەم ڕای گشتیدا گوتەی لێ وەردەگیرێ.

هاوکات ماریا یۆڤانۆڤیچ کە تا مانگی ئایاری ئەمساڵ باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە کیڤ، ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووەم دەچێتە بەردەم دادگا و گوتەی لێ وەردەگیرێ.

جێی وەبیرھێنانەوەیە، لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ترەمپ لە مانگی تەمموزدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی ئەنجامداوە و پێیڕاگەیاندووە لە کاتی لێکۆڵینەوەکردن لە جۆ بایدنی ڕکابەری و خێزانەکەیدا ئەمریکا یارمەتی ئۆکراینا دەدات.

لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیەش دیموکراتەکانی ناو کۆنگرێسی ئەمریکی داواییەکیان بۆ لەکارلابردنی ترەمپ پێشکەشی دادگا کرد.

ھەرچەندە ترمپ جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا تەواو یاسایی بووە بەڵام ئەو ڕونکردنەوەیەی کە باس لەوە دەکات پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ھاوکاری سەربازیی و دارایی بۆ ئۆکراینا بە گوژمەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار ھەڵپەسێردراوە بووەتە جێگای سەرنج.

کۆشکی سپی تۆماری دەنگی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بڵاوکردوەتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو گفتوگۆیەی نێوان ھەردوو سەرۆک پەیوەندیی بە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا نەبووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×