خامه‌نەیی: ئەمریکا دژایەتی ئیسلام‌و وڵاتانی ئیسلامی دەكات
  2019-11-15       712       
ئایەتوڵا خامه‌نەیی، رابه‌ری‌ شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمریکاو ڕەوتی ستەمکاریی جیهانیی به‌دژایەتیكردنی ئیسلام‌و وڵاتانی ئیسلامی تۆمه‌تبار ده‌كات‌و داوای‌ یه‌كڕیزیی له‌مسوڵمانانیش ده‌كات.

ئاوێنه‌: له‌میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ میوانانی بەشدار لە 33هەمین کۆنفرانسی یەکڕیزی ئیسلامیی، ئایەتوڵا عه‌لی‌ خامه‌نەیی وتی‌، "ئەمریکاو ڕەوتی ستەمکاریی جیهانیی، دژایەتی ئیسلام‌و وڵاتانی ئیسلامی دەکەن‌و چەکی سەرەکی ئەوانیش لەناوچەکەی ئێمە ناکۆکی خستنە نێو وڵاتان‌و ڕاگەیاندنی ئەوەیە کە ئەمریکا وەک چارەسەری کێشەکان ناو ببەن، بۆ بەرەنگاربونەوەو پوچەڵکردنەوەی ئەم پیلانەش پێویست بەوریایی‌و وشیاری وڵاتانی ئیسلامی‌و موسڵمانان دەکات."

له‌ئاماژه‌یه‌كدا بۆ "هەفتەی یەکڕیزیی ئیسلامیی: ناوبراو رایگه‌یاند، "کۆماری ئیسلامی ئەم هەفتەیە نەوەک تەکتیک بەڵکو وەک بڕواو بنەمایەکی سەرەکی دەزانێت‌و داوا لەسەرجەم نەتەوەو مەزهەبە ئیسلامییەکانیش دەکات لەبەرامبەر دوژمن و هەڕەشەی هاوبەش یەکڕیزیی خۆیان پیشانبدەن."

خامه‌نەیی بونی ئەمریکای‌ لەناوچەکە بەهۆکاری شەڕو ئاژاوەگێڕی‌و پێکهێنانی گروپەکانی وەک داعش ناو بردو جەختی لەسەر ئاشناکردنی گەلانی موسڵمان لەگەڵ ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەمریکاو پیلانگێڕییەکانی لەناوچەکە کردەوە.

ئه‌وه‌شی‌ وت، لەناوچونی ڕژێمی زایۆنیستی بەواتای دژایەتی خەڵکی جو نییە لەبەرئەوەی کە لەوڵاتی ئێمەش ژمارەیەک لەوان ژیان بەسەر دەبەن، بەڵکو بەواتای ئەوە دێت کە خاوەنی ڕاستەقینەی فەڵەستین بەموسڵمان و مەسیحی و جولەکەوە دەسەڵاتی وڵاتی خۆیان بەدەستەوە بگرن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×