خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە گرانبونی بەنزین لە ئێران
  2019-11-16       784       

شەوی رابردو لە ژمارەیەك شاری ئێران خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژبە زیادبونی نرخی بەنزین بەڕێوەچو و باس لە كوژرانی هاوڵاتییەكی ناڕازی لە شاری "سیرجان" دەكرێت.

ئاوێنە: ناڕەزایەتییەكان شارەكانی وەك مەشهەد، ئەهواز، خوزستان، بەندەر عەباس، شیراز، سیرجان-ی گرتۆتەوەو بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران(ئیرنا)، ناڕەزایەتییەكان لە شاری سیرجان "توند بون."

بەپێی ئاژانسەكە، هاوڵاتیانی ناڕازی لە سیرجان "هێرشیان كردۆتە سەر كۆگای نەوتی شارەكە بە ئامانجی گڕتێبەردانی" بەڵام هێزە ئەمنییەكان روبەڕویان بونەتەوەو هەوڵەكەی هاوڵاتیانی ناڕازی سەری نەگرتوە.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە لە شاری سیرجان هاوڵاتییەكی ناڕازی لەكاتی پێكداهەڵپژانی هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەراندا كوژراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەكی رەسمی و ناڕەسمی كوژرانی ئەو كەسەی پشتڕاست نەكردۆتەوە.

بەشێك لەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە نیشانی دەدەن كە بەنزینخانەیەك لە شاری سیرجان سوتێنراوە.

بەپێی ئاژانسی ئیرنا، هەر شەوی رابردو لە شاری مەشهەد، سەدان كەس لەناوەڕاستی شارەكە دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی كردوە بەڵام لەسەر قسەی پۆلیس بڵاوەیان لێكردوە.

بەشێك لەو وێنەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە نیشانی دەدەن هێزە ئەمنییەكان لە مەشهەد بە گازی فرمێسكڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران كردوە.

 

ئیرنا باسی لەوەش كردوە كە ناڕەزایەتییەكان دژبە زیادكردنی نرخی بەنزین لە شارەكانی بەندەر عەباس و شیراز و گەچساران و دوگونبەدان، ئابادان، خورمشەهر، ماهشەهر و بەهبەهان-یش بەڕێوەچون.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە، كۆمپانیای نیشتمانی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران بەرزبونەوەی نرخی بەنزینی بۆ سێ ئەوەندە راگەیاند.

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×