هەڤاڵ ئەبوبەكر: تاوەكو كاتی هەڵبژاردن پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وەكو خۆی دەمێنێتەوە
  2019-12-01       2268       

پارێزگاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ''تاوەكو هەڵبژاردن نەكرێت هەیكەلی دەسەڵاتی پارێزگارو ئەنجوومەنی پارێزگا وەكو خۆی دەمێنێتەوە''.

ئاوێنه‌: رۆژی 5-12-2019 تەمەنی پارێزگاریی دوو ساڵ تەواو دەكات، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دەستبەرداربوون لە پۆستەكەی وتی:" رێككەوتنەكەمان بووەتە یاسا، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی پێداوە، تاوەكو هەڵبژاردن نەكرێت هەیكەلی دەسەڵاتی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا وەكو خۆی دەمێنێتەوە" 

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەی چەمی قلیاسان کە بە 36 ملیۆن دۆلار کرایە شوێنێکی گەشتیاریی هەمووی ئاوبردوویەتی و وتیشی: بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق کەمترین رێژەی بێکاری و هەژاری لە سلێمانیدا هەیە.
 
چەندین پرۆژە لە سلێمانی بە تەواونەکراوی ماونەتەوە یاخود بەشێوەیەکی خراپ دروستکراون، پارێزگاری سلێمانی نکۆڵی لەوە نەکرد، بەڵام شانی نەدایە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەوە و بەگوتەی خۆی پێش بەپارێزگاربوونی ئەو دروستکراون و دەڵێت: "چەمی قلیاسان کە بە 36 ملیۆن دۆلار کرایە شوێنێکی گەشتیاریی هەمووی ئاوبردی، چۆن دەبێ 36 ملیۆن دۆلار ئاو بیبات، دەبێ لێپێچینەوە لە بەرپرسیاران بکرێت".
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی بۆ رادیۆی رووداو  وتی: "بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی چەند پاسێک لە دەوروبەری شەقامی 60 مەتری دابیندەکرێت، هەموو پلانەکەمان ئامادەکردووە و ناردوومانە بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لەگەڵ چەند شارێکی ئەوروپی و چەند کۆمپانیایەک سەرقاڵی ئەوەین بۆ ئەوەی چەند پاسێک بهێنینە سەنتەری سلێمانی، بەڵام سەرەنجام دەبێت وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رەزامەندی بدا".
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی: "دوو ساڵە سەرقاڵی کردنەوەی نووسینگەی راستاندنین، بۆ ئەوەی هەر کەس هەرکارێکی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەبێ (منداڵبوون، مردن، میرات، هاوسەرگیری، جیابوونەوە، گەشکردن و چەندین کاری دیکە) دەتوانن لە رێگەی ئەو نووسینگەوە کارەکانیان رایی بکەن، لیژنەیەک لە عێراقەوە هاتووە و شوێنەکەی بینیوە، ئەم نووسینگەیە تەنیا لە بەغدا هەیە، بەڵام لە داهاتوودا لە سلێمانیش دەکرێتەوە و بڕیاری لەسەر دراوە".
 
لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانیشەوە پارێزگاری سلێمانی وتی: "تاوەکو 15-11-2019 کارەبای نیشتمانی 17بۆ 23 کاژێر هەبووە و بەرهەمهێنانی کارەبا 1500 مێگاوات بووە، بەڵام لەو کاتە بەدواوە خواست لەسەر کارەبا لە 1500 مێگاواتەوە بۆ 6500 مێگاوات بەرزبووەتەوە و بەرهەمهێنانیش وەکو خۆیەتی، نەبوونی نەوتیش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا".
 
''باشترین پارێزگا لە رووی هەژاری و بێکارییەوە سلێمانییە'' ئەمە قسەی هەڤاڵ ئەبوبەکرە و دەشڵێت: لە عێراقدا کەمترین ئاستی بێکاریی و هەژاری لە سلێمانییە، بەجۆرێک تەنیا 8%ی دانیشتووانی سنووری سلێمانی بێکارن و 5.5%یش لە هێڵی هەژاریدان.
  
لەبارەی پرۆژی 100مەتری و پلانی هاتووچۆ بۆ سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی: "چاوەڕێی ئەنجوومەنی وەزیرانین، سەرۆک وەزیرانی بەڵێنی پێداوین پارەکەمان بۆ تەرخان بکات. بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی هاتووچۆش دەبێ ژمارەی ئۆتۆمبێل و کاتی مانەوەیان لەسەر جادەو بانەکان کەمبکەینەوە و پلانێک دابنێین کە ئیدی تاکسی بەبێ کار نەسووڕێتەوە، پلانی ئەوەمان هەیە کە هێڵی زەرد بۆ پاس دروستبکەین، ئێستاش وەکو سەرەتایەک لە شەقامی سالم دروستمانکردووە". 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، بەراورد بە شارەکانی دیکە، نرخی بەنزین لە سلێمانی هەرزانترینە، رۆژانەش دوو ملیۆن و 850 هەزار لیتر بەنزین دەسووتێنرێ.
 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×