دەمیرتاش رەوانەی نەخۆشخانە كرا
  2019-12-02       1268       

دوای هۆشداریدان لەبارەی تێكچونی باری تەندروستییەوە لەزیندان، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی گشتی پێشوی هەدەپە رەوانەی نەخۆشخانە كرا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، ئایگول دەمیرتاش، خوشک و پارێزەری تایبەتی هاوسەرۆکی گشتی پێشوی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدیرنە زیندانییە، لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندبو، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندان باری تەندروستی تێكچوەو لەهۆش خۆی چوە بەڵام رەوانەی نەخۆشخانە نەکراوە.

ئایگول دەمیرتاش رایگەیاندبو"کاتژمێر ٥:٣٠ بەرەبەیانی رۆژی ٢٦ی مانگی رابردو، براکەم سەلاحەدین نەیتوانیوە هەناسەبدات و بەو هۆیەوە لەهۆش خۆی چووە. ماوەیەکی درێژ لە ژورەکەیدا بەم شێوەیە ماوەتەوە و سەرەتا بەڕێز عەبدولا زەیدان چوەتە سۆراغی. دواتر بانگی ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری کراوە و تەنیا نۆرینی (EKG) بۆ کراوە. پزیشکی نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە پێویستە دەمیرتاش رەوانەی بەشەکانی تیشک و نۆرۆلۆژی و گاسترۆنترۆلۆژی بکرێت. بەڵام دوای ئەوەی هەفتەیەکیش تێپەڕیوە، دەمیرتاش هێشتا ڕەوانە نەکراوە.

بەرپرسانی زیندان ناتوانن لەژێر ئەو شتە هەڵبێن. هاوڕێ پارێزەرەکانمان لە ئەدرنە ٢٤ کاتژمێر چاودێری گۆڕانکارییەکان دەکەن."

پاشان پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی، هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپەش رایانگەیاندبو، كە وەفدی فراكسیۆنەكەیان دەچنە ئەدرنەو وتبوشی"دەمیرتاش پێویستە ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت. بەرپرسانی دەوڵەت بەرپرسی ئەو دۆخەن."      

دوای ئەو جموجۆڵەی لەبارەی نەخۆشکەوتنی دەمیرتاش و رەوانەنەکردنی بۆ نەخۆشخانە دروست بو، بەپێی ئاژانسی فوڕات نیوز بڕیاردراوە هاوسەرۆکی گشتی پێشوی هەدەپە، رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت.

ئاژانسەكە نوسیویەتی كە دەمیرتاش رەوانەی نەخۆشخانە كراوە، بەڵام نەزانراوە كام نەخۆشخانەیەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×