جێگری سەرۆكی ئەمریكا داوا لە بەرهەم ساڵح دەكات رێز لە خواستی عێراقییەكان بگرن
  2019-12-09       1631       

مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتیوانی لە سەقامگیری عێراق و داخوازییەكانی هاوڵاتیان بۆ چاكسازیی دەكات و دەشڵێت، گرنگە ویستی عێراقییەكان و بژاردەكانیان بەدور لە دەستوەردانی دەرەكی رێزیان لێ بگیرێت.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجماداوە.

لە پەیوەندییە تەلەقۆنییەكەدا تاوتوێی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكەیان بەگشتی كردوەو هەروەها گفتوگۆیان دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان و پتەوكردنی هاوكاریی نێوان هەردو وڵات كردوە.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، جێگری سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ سەقامگیری عێراق و داخوازییەكانی هاوڵاتیانی عێراق بۆ چاكسازیی و ئاشتی و رەتكردنەوەی توندوتیژی دوپاتكردۆتەوە.

مایك پێنس ئاماژەی بە گرنگی رێزگرتن و پاراستنی خواست و بژاردەی عێراقییەكان بەدور لە دەستوەردانە دەرەكییەكان كردوە.

لەلای خۆیشییەوە، بەرهەم ساڵح جەختی لەسەر پەرۆشیان كردۆتەوە بۆ ئەوەی چارەسەركردنی دۆخی ئێستا بڕیارێكی عێراقی بێت بەدور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەشێوەیەك كە رشتنی خوێن رابگیرێت و هاوكار بێت لە بەرزراگرتنی دەسەڵاتی یاساو دەوڵەت و مافی گوزارشت لە بۆچۆنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بپارێزێت.

هەروەها جەختیشی لە پشتیوانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان كردۆتەوە لەوەی كە بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەڵسن لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و ماڵوموڵكی دەوڵەت و رێگریكردن لە دەستدرێژیكردنە سەر هاوڵاتیان و ئاسایشی گشتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×