2019-12-14   665     
هاوپەیمانی سائیرون کە لەلایەن سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پاڵپشتیی دەکرێت، هۆشدارییدا لە راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق کە لەلایەن حزبەکانەوە پێشکەشبکرێت و ئاماژەی بەوەکرد، دەبێ کاندیدی سەرۆک وەزیران جێگەی رەزامەندیی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی بێت.
ئاوێنه: سەرۆکی هاوپەیمانی سائیروون، سەباح ساعدیی نامەیەکی ئاراستەی سەرۆک كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کردووە و تیایدا داوایکردووە ئەو کاندیدە رەتبکاتەوە کە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە پێشکەشیدهکرێت بە مەبەستی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
سهباح ساعدی لە نامەکەیدا دەڵێت: ''ئەمڕۆ ئەو بەرپرسیارێتییه دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە کە له بهرهی گەل و نیشتمانەکەتان لە شەڕی چارهنووسدا بوەستنەوە''.
ساعدی جەختی لەوەکردووەتەوە، پێویستە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەڵقوڵاوی نێو خۆپیشاندەره جەماوەرییهكان بێت نەک لایەنە سیاسییەکان کە ئەو پێیوایە جگە لە شکستێکی نوێ و گەندەڵی زیاتر هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نابێت.
دوێنی هەینی، محەمەد شەیاع سوودانی سەرکردە لە حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نووری مالکی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە حزبی دەعوە و فراکسیۆنەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە ئەگەری هەیە ناوبراو لە شوێنی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، عادل مەهدی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ رابسپێردرێت.
ساعدی لە نامەکەیدا بۆ بەرهەم ساڵح نووسیوویەتی: ''بڕیارتان لهبارهی راسپاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران كه هەڵبژاردەی گەل بێت نەک دووبارەکردنەوەی بەرهەمهێنانی پیاوانی شکستخواردوو و گەندەڵ لە حزبەکان، یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەگەری چاکسازیی لە سیستم، بەپێچەوانەوە ئەنجامەکەی بێئومێدی دەبێت، بە پلەی سەرەکیش بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە''.
بەهۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق و لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، عەلی سیستانی سەرەتای ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە.
لە رۆژی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی-یهوه، بهپێی دهستوور پێویستە سەرۆککۆمار، بەرهەم ساڵح لە ماوەی ١٥ رۆژدا کەسێکی دیکە بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێرێت کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەو وادەیه کۆتاییدێت.
بەو پێیەی تا ئێستا لەسەر راسپاردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کە مایەی رەزامەندیی حزبەکان و خۆپیشاندەران بێت، رێکنەکەوتوون، بۆیە پێشینی دەکرێت وڵات لە دوای رۆژی دووشەممەی داهاتووەوە بکەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٤٩٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كهسی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.