نەتەنیاهۆ ڤیدیۆی پانێڵێكی نهێنی وارشۆ بڵاودەكاتەوە؛ سێ وڵاتی عەرەبی هێرشی توند دەكەنە سەر ئێران
  2019-02-15       1365       

ڤیدیۆی پانێڵێكی نهێنی كۆنفرانسی وارشۆ بڵاوبوەوە كە تێیدا نوێنەرانی هەر سێ وڵاتی سعودیە، ئیمارات و بەحرەین، بە ئامادەبونی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بەرگری لەئیسرائیل دەكەن و لەبەرامبەردا ئێران بە گەورەترین هەڕەشە لەناوچەكەدا ناودەبەن.

 

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی بی بی سی، ڤیدیۆی ئەو پانێڵەی كۆنفرانسی وارشۆ بۆ یەكەمجار لەلایەن نوسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلەوە لەیوتیوب بڵاوكرایەوە بەڵام پاش كەمێك ڤیدیۆكە سڕدرایەوە.

بی بی هێمای بۆ ئەوە كردوە هێشتا رون نییە ئەو ڤیدیۆیە بە ئەنقەست بڵاوكرایەوە یاخود بڵاوكردنەوەی هەڵەیەك بوە.

لەڤیدیۆیەكە كە نزیكەی 25 خولەكە، وەزیرانی دەرەوەی بەحرێن و ئیمارات و وەزیری راوێژكاری كاروباری دەرەوەی سعودیە، قسە لەسەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن.

كۆنفرانسی وارشۆ رۆژی پێنجشەممە لە پۆڵەندا بەڕێوەچو، كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بو لەلایەن ئەمریكاوە میوانداری كرا و بەشێكی زۆری تەرخان كرابو بۆ رەخنەگرتن لە چالاكییەكانی ئێران لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەڤیدیۆكەدا خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین باس لەوە دەكات كە ئێران لەئێستادا بە بەراورد بە كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، هەڕەشەیەكی گەورەترە بۆ سەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئێرانی بە "ژەهراویترین ئاڵنگاری" و "رژێمێكی فاشیستی نوێ" ناوبرد كە بەبڕوای ئەو لەئێستادا بەرمانەرێژی بۆ چەند هێرشێك لەناو بەحرەین و ناسەقامگیری یەمەن و سوریاو ئێران دەكات.

بەبڕوای وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئەگەر دەستوەردانەكانی ئێران نەبونایە، ئێستا پرۆسەی دانسوتانەكانی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، لەدۆخێكی باشتردا دەبو.

لەبەشێكی دیكەی ڤیدیۆكەدا عەبدوڵا بن زاید ئال نهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات لەوەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەكانی ئێران لەناو سوریا، دەڵێت؛ هەمو میلەتێك مافی ئەوەی هەیە كاتێك لەلایەن میلەتێكی دیكەوە رادەكێشرێت بۆ نێو كێشە، بەرگری لەخۆی بكات.

لای خۆیشیەوە عادل جوبەیر، وەزیری راوێژكاری كاروباری دەرەوەی سعودیە لەو دانیشتنەدا ئێران تۆمەتبار دەكات بەوەی بە بەرگریكردنی لە چەند گروپێكی میلیشیا، زیان بە هەڵوێستی فەلەستینیەكان بە رابەری مەحمود عەباس دەگەیەنێت.

عادل جوبەیر، كە ماوەیەك لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، دورخراوەتەوە، باسی لەوە كردوە؛ ئێمە ناتوانین بەبێ ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ناوچەكە سەقامگیر بكەین بەڵام بۆ هەر شوێنێك دەڕۆین خراپە كارییەكانی ئێران دەبینینەوە.

عادل جوبەیر، وێڕای ئەوەش هێرشدەكاتە سەر حیزبوڵای لوبنان و هەروەها سەر رێككەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ولاتانی زلهێزو ئێران.

وەك ئەوەی لەڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت بنیامین نەتەنیاهۆ لەپانێڵەكەدا بەشدار نییە، بەڵام لەنێو ئامادەبوانی پانێڵەكەدا دانیشتوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×