بەشدارانی لوتكەی بەرلین گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پلانێكی گشتگیر بۆ چارەسەری قەیرانی لیبیا
  2020-01-19       1498       

بەشدارانی لوتكەی بەرلین سەبارەت بە لیبیا گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پلانێكی گشتگیری تایبەت بە چارەسەركردنی قەیرانی ئەو وڵاتە كە بەهێزكردنی ئاگربەست و قەدەغەی چەك و دانانی میكانیزمێكی سەربازیی بۆ چاودێریكردنی ئاگربەست لەخۆدەگرێت.

ئاوێنە: ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، باوەڕم وایە لوتكەی بەرلین پشتیوانییەكی بۆ پڕۆسەری ئاشتی لەژێر سەرپەرشتنی نەتەوە یەكگرتوەكاندا پێشكەش كردوە.

مێركل هێمای بۆ ئەوەش كرد كە بەشدارانی لوتكەكە رێككەوتن لەسەر پلانێكی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی قەیرانی لیبیا رێككەوتن و جەختیشی كردەوە كە پلانەكە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كێشەكان بە رێگەی سیاسی نەبێت چارەسەر ناكرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە هەمو لایەنە بەشداربوەكانی كۆبونەوەكە پابەندبون بە هەڵوێستی بونیادنەرەوە و رێككەوتن لەسەر پێویستی رێزگرتن لە قەدەغەكردنی چەك لە لیبیاو كۆنترۆڵكردنی بەشێوەیەكی توندتر لەوەی پێشتر هەبوە.

هەروەك باسی لەوەش كرد كە بەشداران جەختیان لە پێویستی پابەندبون بە ئاگربەست لە لیبیا كردەوەو گرنگترین خاڵیش ئەوە بو كە هەریەكە لە فایز سەراج، سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیاو خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی "سوپای نیشتمانی لیبیا" رێككەوتن لەسەر هەڵگرتنی چەند هەنگاوێكی دواتر كە لەلایەن سكرتێری گشتی ینەتەوە یەكگرتوەكان و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ لیبیا پێشنیاركران لەوانە "پێكهێنانی لیژنەیەكی سەربازی بۆ چاودێریكردنی ئاگربەست" كە پێنج نوێنەر لە هەردو لایەن لە خۆدەگرێت.

ئاشكراشیكرد كە هەردولا ناوی بەشدارانی كاری لیژنەكەیان دیاریكردو وتیشی، ئێستا بانگهێشتیان بۆ دەنێردرێت و ئاماژەی بەوەشدا كە ئەم كارە دەكرێت ببێتە بنەمایەك كە ئەم هودنەیە بكاتە سیستمێكی بەردەوام بۆ ئاگربەست.

هەروەك راوێژكاری ئەڵمانیا هێمای بۆ ئەوەش كرد كە سەرجەم بەشداربوان بەڵێنیان دا هیچ پشتیوانییەك پێشكەشی هیچ لایەنێكی لیبیا نەكەن لەماوەی ئاگربەستدا.

ئەوەشی خستەڕو كە سەرجەم بەشداربوان یەك هەڵوێستیان هەبو سەبارەت بەوەی كە ئەمڕۆ خرایەڕو بەرزبكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لای خۆیشیەوە هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لوتكەی بەرلین سەبارەت بە لیبا ئەو ئامانجانەی پێكان كە دیاریكرابون.

ئەمڕۆ بەرلین میوانداری لوتكەیەكی كرد لەپێناو چارەسەری قەیرانی لیبیا بەبەشداری سەرۆك و وەزیرانی 12 وڵات و سەرۆك و نوێنەرانی پێنج رێكخراو.

لوتكەكە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بەڕێوەچو، ئەوەش دوای ئەوەی هەریەكە لە "سوپای نیشتمانی لیبیا"و حكومەتی ویفاقی نیشتمانی رایانگەیاندبو كە لە نیوەشەوی 12ی ئەم مانگەوە پابەنددەبن بە دەستپێشخەریەكەی ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیاو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیاوە بۆ ئاگربەست.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×