"لایەنەکان لەسەر هێڵە گشتییەکانی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق لە رێککەوتن نزیکبونەتەوە"
  2020-01-20       561       
كۆبونەوەیەكی سەركردە عێراقییەكان. وێنە: ئەرشیف

راوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق، ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکایەتی کۆمار و لایەنە عێراقییەکان لەگفتوگۆی چڕوپڕدان لەبارەی کێشەکانی عێراق و لەسەر هێڵە گشتییەکانی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوش لەڕێککەوتن نزیکبونەتەوە.

ئاوێنە: عەلی کەریم، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە بڵاوكراوەتەوە، وتویەتی"کێشە کەڵەکەبوەکانی عێراق پاڵنەرو دەرهاویشتەی زۆریان هەیە، بۆیە زۆرجار ناڕەزایەتییەکان هەڵکشان و داکشانیان پێوە دیارە، هەندێک ڕۆژ خۆپیشاندان گەرم و هەندێک ڕۆژیش خۆپیشاندەران سارد دەبنەوە."

رونیشیکردەوە، خۆپیشاندانەکان رەهەندی نوێیان وەرگرتوە، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە خانەنیشین بون نزیکبوەتەوە، چونەتە نێو خۆپیشاندانەکان و پێیانوایە هێشتا توانای کارکردنیان ماوەو ستەمیان لێدەکرێ، وتوشیەتی"هەوڵێکی جدی هەیە تا دۆخەکە بەتەوافق هێور بکرێتەوە، هێزەکان لەهەوڵدان بۆ دیاریکرجنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ کە شەقام پێی ڕازی بێت."

سەبارەت بە ئەگەری یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران لەماوەی کاتژمێرەکانی داهاتودا، بەتایبەت کە باس لە راسپاردنی عەلی شوکری راوێژکاری سەرۆک کۆمار دەکرێت، عەلی کەریم، وتویەتی"هەوڵەکان بەردەوامن، گفتوگۆی چڕوپڕ هەیە، ناو زۆرە، بەڵام هێشتا کەس نەبوەتە كاندیدی سەرەکی پۆستی سەرۆک وەزیران."

هەروەها وتوشیەتی"خەریکە سەرۆک کۆمار و هێزەکان لەسەر هێڵە گشتیەکانی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتو رێکدەکەون، بەو مانایەی کەسێک بێت تەوافقی نیشتیمانی لەسەر بێت و نەبێتە هۆی داڕوخانی زیاتری دۆخەکە."

دەنگۆی دروستبونی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمەریکا و ئێران هەیە، تا عێراق بەدەربکرێت لە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، بەڵام راوێژکارەكەی سەرۆک کۆمار، بێئاگایی خۆی لەو ڕوەوە دەربڕیوەو وتویەتی"پێناچێت پێکدادان و جەنگ لە ناوچەکەدا روبدات، عێراقییەکانیش نایانەوێت وڵاتەکەیان بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ."

جەختیشی کردۆتەوە"ستراتیژیەتی سەرۆکایەتی کۆمار نێوانگیریکردنە لەنێوان ئەمەریکاو ئێران، یاخود لانیکەم مانەوەی عێراقە بەبێلایەنی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×