هێزە ئەمنییەكان خێمەكانی خۆپیشاندان لەبەسرە دەسوتێنن بەزەبری هێز چەند رێگەیەك لەبەغدا دەكەنەوە
  2020-01-25       1259       

هێزە ئەمنییەكانی عێراق دوای سوتاندنی خێمەكانی خۆپیشاندان لە بەسرە دەستیان كردوە بە هەڵمەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و لە بەغداش بەزەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران دەكرێت و چەند رێگەیەك كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرا بون دەكرێنەوە.

ئاوێنە: بەپێی میدیا عێراقییەكان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، هێزێكی زۆر لە بەغدا بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لەو رێگایانەی كە داخراون بڵاوەی پێكراوەو هێزە ئەمنییەكان توانیویانە چەند رێگەیەكی سەرەكی بكەنەوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ توانیویانە لەبەغدا رێگەكانی "محەمەد قاسم"و پردی ئەحرار و گۆڕەپانی قورتبەو تەیران بەتەواوی بكەنەوە.

میدیا عێراقییەكان ئاماژەیان بەوەداوە كە هێزە ئەمنییەكان توانیویانە رێگەی گۆڕەپانی خەلانی-ش لەبەغدا بكەنەوە.

گۆڕەبانی خەلانی لەبەغدا:

لەلایەكی دیكەوە بەپێی كەناڵی "ئەلحوڕە" هێزێكی ئەمنی زۆر بە فەرمانی پارێزگاری بەسرە بە 80 ئۆتۆمبێلەوە هەڵیانكوتاوەتە سەر گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان لەو شارەو خێمەكانیان سوتاندون و هەروەها سەرجەم رێگەكانیان لەو شارە كردونەتەوە.

سوتاندنی خێمەكانی خۆپیشاندەران لە بەسرە:

بەپێی كەناڵەكە پاش ئەوەش هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و چالاكوانان كردوەو تا ئێستاش ژمارەیەكیان لێ دەستگیركردون.

بەگوێرەی ئەو وێنانەی لەلایەن چالاكوانانەوە بڵاوكراونەتەوە هەندێك لە دەستگیركراوان كە سەریان داپۆشراوە لە نێو هێزە ئەمنییەكاندا دەبینرێن.

دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و چالاكوانان لەبەسرە:

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×