ئێران: ئەو كەسەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەی خستەخوارەوە ئێستا لەزینداندایە
  2020-01-25       745       

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو كەسەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەی خستەخوارەوە كە تێیدا 176 كەس كوژران، ئێستا لەزینداندایە.

ئاوێنە: محەمەد جەواد زەریف لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "دیر شپیگل"ی ئەڵمانی رایگەیاند، ئەو كەسەی تەقەی لە فڕۆكە ئۆكرانییەكە كردو خستیەخوارەوە ئێستا لە زینداندایەو جەختیشی كردەوە كە حكومەتی ئێرانی بەرپرس نییە لە دواكەوتنی زانیارییەكان سەبارەت بە هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە.

سەرلەبەیانی رۆژی 8ی ئەم مانگە، فڕۆكەیەكی ئۆكرانی پاش چەند خولەكێك لە هەڵسانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینییەوە لە تاران بە موشەكێكی ئێرانی خرایە خوارەوەو سەرجەم سەرنشینەكانی كە ژمارەیان 176 كەس بو گیانیان لەدەستدا.

سەرنشینانی فڕۆكەكە زۆربەیان ئێرانی بون بەڵام بەشێكیشیان هەڵگری رەگەزنامەی بیانی جیاجیا بون و لەتارانەوە بەرەو كییفی پایتەختی ئۆكرانیا بەڕێكەوتبو كاتێك خرایەخوارەوە.

سەرەتا بەرپرسانی ئێران رەتیاندەكردەوە كە فڕۆكەكە بەموشەكی ئەوان خرابێتەخوارەوە بەڵام دوای چەند رۆژێك دانیان بەوەدانا كە بەهۆی گرژییەكان لەگەڵ ئەمریكا سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران لەو رۆژەدا خراوەتە دۆخی ئامادەباشییەوەو ئەوەش هۆكار بوە بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە كە وازانراوە موشەكی كرۆزە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×