چەکدارانی نەناسراو لە ناوەڕاستی شاری ناسرییە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران
  2020-01-27       426       
سەرچاوەیەکی پزیشکی رایگەیاند کە یەک خۆپیشاندەر بە گوللـەی چەکدارانی نەناسراو لە ناوەڕاستی شاری ناسرییە باشووری عێراق کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون.

ئاوێنه‌: سەرچاوەکە لە لێدوانێکدا وتی، ''ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لەمیانی هەڵکوتنە سەر گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی شاری ناسرییە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە''.

ئاماژەی بەوەیشکرد کە لە ئاکامی تەقەکردنەکەدا، یەک خۆپیشاندەر کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون.

چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی ناسرییە ئاشکرای کردووە کە ملیشیاکانی سەربە ئێران ئەو کارەیان ئەنجامداوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندبوو، درەنگانی شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کە جلوبەرگی سپییان بۆشیبوو هەڵیانکوتاوەتە سەر گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی شاری ناسرییە.

سەرچاوەکە باسی لەوەیشکردبوو کە لەمیانی هەڵکوتنەکەدا، چەکدارەکان تەقەیان بە ئاسماندا کردووە و دواتر خیوەتی خۆپیشاندەرانیان سووتاندووە.

ئەمەش داوی ئەوە دێت دوێنێ یەکشەممە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روویدابوو کە بەهۆیەوە ٧٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×