2020-02-04   700     
پارێزگاری نەجەف لەبارەی خۆپیشاندانەکان لەو شارە رایگەیاند، ''بە رێککەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی رەوتی سەدر، لایەنگرانی سەدر کە بە کڵاو شینەکان ناسراون لە شەقامەکانی نەجەف کشاونەتەوە''.
ئاوێنه: لە راگەیەندراوێکدا لوئەی یاسری، پارێزگاری نەجەف ئاماژەی بەوەکردووە، لایەنگرانی سەدر کە بە ''کڵاو شینەکان'' ناسراون لە شەقامەکانی نەجەف کشاونەتەوە، ئەویش بەپێی رێککەوتنێک کە لەگەڵ سەرکردەکانی رەوتی سەدر کراوە و راشیگەیاندووە کە لەمەوداو ''کڵاو شینەکان'' ئەرکیان تەنها پاڵپشتیکردن دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایش، سامانی گشتی و تایبەت ئەوەش بە سەرپەرشتی هێزە ئەمنییەکان دەبێت.
هاوکات ناوبراو باسی لەوەشکردووە کە فەرماندەیی پۆلیسی نەجەف فەرمانی کردووە کە رێگە بە هیچ کەسێک نەدرێت رێگە و شەقامە گشتییەکان لە شارەکەدا دابخات و دوو رۆژ لەمەوبەر خۆپیشاندەرانی عێراق ئاستی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان دژبە راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت فراوانتر کرد کە لەمیانیدا رێگا سەرەکییەکان، قوتابخانە، زانکۆ و فەرمانگە فەرمییەکانیان داخستبوو.
دوێنێ دووشەممە لە ژمارەیەک شاری عێراق، لایەنگرانی رەوتی سەدر کە بە ''کڵاو شینەکان'' ناسراون، هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و لەمیانیدا رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوان هەردوولادا روویدا کە بەهۆیەوە یەک خۆپیشاندەر کوژراو و ٢١ی دیکەش برینداربوون.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر فەرمانی بو لایەنگرانی “کڵاو شینەکان” کردبوو کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەرگای قوتابخانە، زانکۆ و رێگاکان بکەنەوە کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراون.