فەرمانڕەوایی هیچ و پووچەکان
  2020-02-14       560       

ئا: سامان عەلی

 


کتێبێکی فەیلەسووفی کەنەدیی (ئالان دونۆ) بە ناونیشانی «Mediocratie»، یاخود سیستەمی هیچ و پووچێتیی، چاپ و بڵاوبووەوە. کتێبێك بوو بەو نووسینانەی کە لەلایەن نووسەران و ڕەخنەکارانی خۆرئاواوە لەسەری نووسرابوون جیهانی تەی کرد و بە شوێن ئەو هۆکارانەدا گەڕا کە وایانکرد هیچ و پووچەکان لە جیهاندا پێگەکانی بڕیاردان لە کایەی سیاسەت و ئابووریی و زۆر کایەی تردا بگرنەدەست.


قسە و باسێکی جوان و سەرنجڕاکێش لە نێو کتێبەکەدا و سەبارەت بە کتێبەکە کران، دەهێنێت و شایانی ئەوەیە کە زیاتریان دەربارەی خۆرهەڵاتمان و دەوروبەرمان و سەبارەت بە خۆمان بکرێن.
ئالان دونۆ-ی ڕۆڵەی کیبیك جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ و پووچەکان شەڕەکەیان بردەوە. بەبێ ئەوەی کە دەست بە سەر باستیل-دا بگرن (مەبەستی لە شۆڕشی فەڕەنسییە)، هەروەها بەبێ ئاگرکەوتنەوەکەی ڕایشستاخ (مەبەستی لە دەسەڵاتگرتنەدەستی هیتلەرە لە ئەڵمانیا)، هەروەها بەبێ تەقاندنی تاکە یەک فیشەک لە شەڕی "سپێدە"دا (مەبەستی لە شەڕی ئەفسانەیی نێوان بۆنتا و براکمار-ە)، چونکە هیچ و پووچەکان بە کردار و بە کردەوە شەڕەکەیان بردەوە و دەستیان بە سەر جیهانەکەماندا گرت و ئێستا فەرمانڕەوایی دەکەن.
دونۆ-ی مامۆستای فەلسەفە و زانستە سیاسییەکان ئەم ئامۆژگارییە زبر و توندەی خەڵکی ئەم سەردەم و ڕۆژگارە دەکات: "هیچ پێویست بەو کتێبە ئاڵۆزانە نییە. نە بەخۆوە بنازە و نە ڕۆحانیی بە. چونکە ڕەنگە ئەوە بە لووتبەرز نیشانت بدات. هیچ بیرۆکەیەکی باش و پەسەند پێشنیاز مەکە. لەبەرئەوەی دەکەویتە بەر ڕەخنە. بیرتیژ مەبە، هەردو چاوت بکەرەوە، لێوەکانت بنێ سەر یەکتر، گەوجانە بیربکەرەوە و بەو چەشنە بە. دەبێت بۆ لەقوتونان لەباربیت. سەردەمەکە گۆڕاوە. چونکە هیچ و پووچەکان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست!".
دونۆ، سەروەختێک کە سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم وەرگۆڕانەیش پرسیاری لێدەکرێت، هۆکارەکەی بۆ دوو فاکتەر، دانەیەك لە بواری سۆسیۆلۆجیا و ئابوورییدا و، دانەیەکیش لە کایەی سیاسەت و کاروباری گشتیی نێودەوڵەتییدا، دەگەڕێنێتەوە.
دونۆ هۆکاری یەکەم دەگەڕێنێتەوە بۆ پەرەسەندنی چەمکی کار لە نێو کۆمەڵ و جڤاکەکاندا و، دەڵێت:"پیشە" چی تر بووە بە "فرمان". پیشەوەر تەنها و تەنها وەكو ئامرازێك بۆ مانەوە لە ژیاندا مامەڵە لەگەڵ پیشەکەیدا دەکات. بۆ نموونە دەتوانیت ڕۆژانە دە کاتژمێر خەریکی بەستنی پارچەی ئۆتۆمبیلێک بیت، لە کاتێکدا کە نازانیت خەوشێکی بچووك لە ئۆتۆمبیلەکەی خۆتدا چاکبکەیت. دەتوانیت خواردنێک بەرهەمبهێنیت کە توانای کڕینیت نییە. یاخود دەتوانیت کتێبان و گۆڤاران بفرۆشیت لە کاتێکدا کە تاکە یەک دێڕیان لێناخوێنیتەوە. چەمکی کار ڕووەو "ناوەند" بەرەوخواربووەتەوە. ئەوانەیش کە کاردەکەن، بە واتا نەرێنییەکەی وشەی "ناوەندگەر" بوونەتە کەسانێکی ناوەندگەر. چی تر کار بووەتە بڕێك تەرز و هیچی تر. بووەتە چەشنێك لە ڕوانگەیەکی چارلی چاپلینانە لە نێو فیلمی "سەردەمە نوێیەکان"دا، یاخود بووەتە فریتز لانگ-ی نێو شاکارەکەی "میترۆپۆلیس".
هۆکاری دووەم، بە بڕوای دونۆ، پەیوەندیی بە جیهانی سیاسەت و بواری دەوڵەت و کاروباری گشتییەوە هەیە. دەسەڵات و فەرمانڕەوایی هیچ و پووچەکان لێرەدا دەستیپێکرد، دونۆ دەڵێت: ڕەگ و ڕیشەکانی فەرمانڕەوایی هیچ و پووچێتیی لەگەڵ سەردەمی مارگرێت تاتچەردا دەستیپێکرد. هەروەها دونۆ دەڵێت: لەو ڕۆژەوە کە تەکنۆکراتەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، سیاسەتیان گۆڕیی بە چەمکی "حکومەت" و، ویستی میللییان گۆڕیی بە چەمکی "پەسەندایەتیی جڤاکیی" و، هاونیشتیمانییان گۆڕیی بە چەمکی "هاوبەش". لە کۆتاییدا پەیوەندیی یاخود پرسی گشتیی بوو بە تەکنیک "یاخود؛ کارگێڕیی"، نەک سیستەمی بڕێک بەها و نۆرم و نموونە و بنەما و چەمکی باڵا. دەوڵەت بوو بە کۆمپانیایەکی تایبەت و هیچی تر. بەرژەوەندیی گشتیی بوو بە چەمکێکی چەوتی کۆی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی تاکەکان. سیاسەتوانیش بوو بە شێوە بێنرخەکەی چالاکوانێکی لۆبیی کار بۆ بەرژەوەندیی "دەستە"ی خۆکەر.
لەم دوو خاڵی هەنگاوهەڵهێنانەوە؛ تەرزاندن و بەکاڵاکردن و بە شت کردنی کار و، خاڵییکردنەوەی سیاسەت و کاروبار یاخود پەیوەندیی گشتیی، هیچ و پووچێتیی لە سەر ئاستی جیهان بوو بە سیستەمێکی تەواوەتیی. ڕێسای کارکردنیش تیایدا بوو بەوەی کە "گەمەکە بکەیت". تەنانەت وشەکە، واتە وشەی گەمە، وشەیەکی یەکجار پڕ واتا و بەمانایە. چی تر پرسەکە نە بە پەیوەندییەکی مرۆڤانە و نە بە پرسێکی مرۆڤایەتییانە ماوەتەوە. بەڵکو تەنها "گەمە"یەکە و هیچی تر. تەنانەت هەمان ئەم دەستەواژەیە لە نێو هەموو زار و زمانەکانی جیهانی هیچ و پووچێتییدا ڕەواجی پەیداکردووە، مەبەست لە دەستەواژەی: "ئەوەی کە گەمەکە بکەیت"ە. کە ڕێسایەکیشە نە نووسراوەتەوە و نە دەق یاخود تێکستێکی هەیە. بەڵام هەمووان دەیزانن؛ پەیوەندییەکی کوێرانەیە بە جەستەیەکەوە، کە بەربنەمای ڕوواڵەتەکانی مانەوە و دانیشتنی شەوانە و ناخواردنەکان و تۆڵەسەندنەوەکانە. لەپاش ئەوە جەستە، بەشێوەیەکی تەواو بونیادانە تێکدەچێت و گەندەڵ دەبێت. تەنانەت سۆنگەی بوونی خۆی و بنەماکانی دامەزراندنی و ئەوەی کە لە بنچینەدا بۆچی و چ مەبەستێک دروستبووە هەر هەمووی لەبیردەچێتەوە. دونۆ دەڵێت؛ باشترین بەرجەستەی سیستەمی هیچ و پووچێتیی، فۆڕمی "شارەزا"یە. ئەو نوێنەرەی "دەسەڵات"ە کە ئامادەیە ئەقڵی خۆیی پێبفرۆشێت. لە بەرامبەر "ڕۆشنبیر"دا، کە لە ئاست بەها و نۆرم و نموونەکاندا هەڵگری پابەندییە. زانکۆکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ، کە کۆمپانیاکان کۆمەك و سپۆنسەرییان دەکەن، بوون بە کارگەی شارەزایان نەك ڕۆشنبیران! تەنانەت جارێکیان سەرۆکی زانکۆیەکی گەورە وتی: "پێویستە کە ئەقڵەکان لەگەڵ پێویستیی کۆمپانیاکاندا بگونجێن". ئەقڵ و هەستی ڕەخنەیی شوێن و جێیان نەماوە. یاخود بەو جۆرەی کە سەرۆکی یەکێک لە کۆمپانیا میدیاییە زەبەلاحەکانی خۆرئاوا وتی؛ کاری ئەو ئەوەیە کە، بەئاشکرا، ئەو بەشە کە بەردەستە لە ئەقڵی بینەرە بەکاربەرەکانی، بفرۆشێت. هەموو شتێك، ئەوەی کە لێرەیشدا گرنگە ئەوەیە کە لە نێو ئەو شتانەدا مرۆڤیش، تەرخان و تایبەتی پڕکردنەوە و تەنانەت تێرکردنی پێویستییەکانی "بازاڕ" کراون.
دونۆ پێیوایە کە بەم چەشنە سیستەمی فەرمانڕەوایی هیچ و پووچەکان خوڵقێنراوە. سیستەمێک کە هەشتا لە سەدی سیستەمە ژینگەییەکانی زەوی خستووەتە بەر مەترسییەکانی سیستەمی بەکاربردنەکەی خۆیەوە و، بوار دەدات بەوەی کە پەنجا لە سەدی خێر و بێری هەسارەکەمان پاوانی یەک لە سەدی خواپێداوەکانی بێت. هەموو ئەمانەیش بەگوێرەی میتۆدی داماڵینی سیاسەت لە پەیوەندیی گشتیی و لە پابەندیی مرۆڤ.
چۆن بتوانرێت بەرەنگاریی ئەم فەرمانڕەواییەی هیچ و پووچەکان بکرێت؟ دونۆ لە وەڵامدا دەڵێت؛ هیچ چەشنە چارەسەرێکی ئەفسوناویی بوونی نییە. شەڕ لە دژی تیرۆر خزمەتی سیستەمی هیچ و پووچەکانی کرد. کارێکی کرد کە گەلانی جیهان بەیدەستی ویستی بڕێك دەستە و تاقم و تەنانەت بڕێک کەس ببن وەك ئەوەی کە بایەخ و چاودێرییەکی ئاسمانییان هەبێت. لەبری ئەوەی کە ئەو شەڕە دەرفەتێك بێت بۆ ئەوەی کە گەلان بڕیاری خۆیان بگرنەوە دەست. ئەوەی کە هەیە مەترسیی "شۆڕشێکی سڕکەر"ی نوێیە، کە ئامانجی چڕکردنەوەی فەرمانڕەوایی هیچ و پووچێتییە.ئەوەی کە پێویستە بکرێت ئەوەیە کە بەرەنگاریی ئەزموونەکە و فریودان و هەر شتێک ببینەوە کە ڕووەو ژوور پەلکێشمان ناکات. ئەوەی کە پێویستە بکرێت ئەوەیە کە لێنەگەڕێین زمانی پووچ و بەتاڵ و خاڵیی کارگێڕیی ڕێبەرییمان بکات. بەڵکو چەمک و واتا گەورەکان ڕێبەرییمان بکەن. ئەوەی کە پێویستە بکرێت ئەوەیە کە واتای وشەکان بۆ چەمکەکانی لە نموونەی هاونیشتیمانێتیی، گەل، ململانێ، مشتومڕ، مافە دەستەجەمعییەکان، خزمەتگوزاریی گشتیی و کەرتی گشتیی و چاکە و خێری گشتیی بگەڕێنینەوە.. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە هاوشانیی نێوان ئەوەی کە بیربکەینەوە و ئەوەی کە کار بکەین سەرلەنوێ بگەڕێنینەوە، چونکە نابێت و ناشێت کە لە یەکدی جیابکرێنەوە.
ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە خۆگریی بکەین و بەرەنگارببینەوە.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×